دەنگی مردوو

از کتاب:
دیوانی گۆران
اثر:
گوران (1904-1962)
 2 دقیقه  839 مشاهده
لیستەی هەڵبژاردن، لە زۆر شوێن، ژمارەیەکی نەک کەم، ناوی مردووی لەگۆڕا ڕزیوی تیا بوو... ئاگاداربوون لەم ناوانە بوو بە هۆی دانانی ئەم هەڵبەستە.
نوێنەری هەڵبژاردەم!
هەرچەن مردووی یەک دوو سەدەم
بەپێی لیستەی میری و موختار
وەک تووتی هاتوومە گوفتار،
خۆت و هاوڕێت هەڵئەبژێرم
بۆ پارلەمانتان ئەنێرم...
مادام منم هەڵبژێرتان،
هۆی مانگانە و خێر و بێرتان،
ئێوەش نوێنەری چا بن
کوت و مت چەشنی خۆم وا بن!
ناڵێم: مەخۆن، چش لە خواردن،
چش لە ورگیش پەتی کردن
بەڵام، زینهار، پارلەمانتان
بێتە چەشنی گۆڕستانتان!
بەرد بێتە گۆ، ئێوە وس بن،
دوورن لە یەک: مردوو و وتن!
دوایی مەبزوون، بە موو چییە؟
جووڵان بەڵگەی ژیاوییە!
لە ڕووناکی بەرچاو ڕەش کەن،
گوێتان لە بیستن بێبەش کەن،
ئاسۆتان تەنگ بێ وەک گۆڕم،
هیچ مەگۆڕن، وەک ناگۆڕم!
تا دنیا کۆن بێ هەر وەک خۆی،
هەوای تازە هەڵنەکا بۆی!
دەزگاتان وەک ئێسک ڕزیو بێ،
وڵاتتان گڵکۆی تەپیو بێ،
ڕۆزی و ڕزقی بە سەر زیندووی
زیاتر نەبێ لە هی مردووی...
دوایی: ڕاستیی بێ زمانیم،
دەرئەخا کوردی نەزانیم،
لەبەر ئەوە: کورد نیم، نەکەن
دەمتان لە حەق بۆ کورد بدەن!
بەرگم ناوێ، هەرزانیی جل
بۆ گەل هەرگیز نەگرنە مل!
بەڵام کفنی زۆر داواکەن،
گۆڕستان پۆشتە و ئاوا کەن!
بۆ تابووت و بۆ تاتەشۆر
وەستای هونەر تەرخان کەن زۆر!
تەڵقین خوێندن ئیجباری بێ!
گۆڕ هەڵکەندن میعماری بێ!
حەڵوای سێ ڕۆژگانە لێنان
بە کچ فێر کەن، نەک چێشت و نان!
بەڵام، ئەی هەڵبژاردەی من!
دەست نەدەنە دەستی دوشمن!
هەرچەن کۆن و کۆن پەرستم،
لە ناپاکی کردن پەستم
پێم شەرمە وڵات بفرۆشن،
یان بۆ دەزگای شەڕ تێکۆشن!
چونکە نوێنەری منن،
لایەنگری ڕێی مردنن،
وا ئەزانن هەڵبژاردەن
بۆ ئەوەی میللەت بە قڕ دەن!
دڵنیا بن کە دەستخەڕۆن،
لە ئەنجاما هەر ڕەنجەڕۆن!
ڕۆژێک ئەبێ گۆڕبەگۆڕ بن
خواش خۆش نەبێ لێتان وەک من
منیش کردەی نوێنەرم،
خراپەکەی دێتە بەرم،
ئەبینم ڕۆژێک لە ڕۆژان:
دنیا بوو بە ئاگرباران!
بۆمبا گۆڕی هەڵتەکانم
با بردی گەردی ئێسقانم!!
ئەوسا وەک زیندوو تێ ئەگەم:
چ شوومێک بوو هەڵبژاردەم؟!