عەرز و حاڵ

از کتاب:
دیوانی گۆران
اثر:
گوران (1904-1962)
 2 دقیقه  887 مشاهده
بنووسە بۆ پاشای مەزنی «بەغا»
نیشانەی دڵسۆزیی بێگەردی ئاغا:
دوو لۆری دیاریمان ئەوا خستە ڕێ
هیوایە بەڵێنی خۆی بێنێتە جێ!
ڕاسپێرێت کە لێرە جەنابی مدیر
لە نایب دانانا بمخاتەوە بیر،
نەهێڵێ ڕووڕەش بم وەک جاری پێشوو
کە درام بۆ ئاغای ئامۆزام بە شوو!
دیاریی من لە دیاریی ئەو چەورترە
بەرتیلم لە هیی ئەو جێگاگرترە
ڕاستە ئەو ناو بە ناو، لە باڵوێزخانە
سەرئەدا و وەرئەگرێ یەک دوو مانگانە...
ئەمەیە کە فەڕی خستۆتە بەختی،
پاشاکان ناچار بوون بگرن حورمەتی!
خۆ منیش دووراودوور هەر فەرمانبەرم،
بۆ باڵوێزخانەکان خەفاوە سەرم،
بە دوو چاوی تیژ و جووتێ گوێچکەی سووک
هەمیشە هەڵپەمە و خزمەتی بچووک
پێشکەشی بارەگای بەرزیان ئەکەم،
ڕاپۆرتی دەنگوباس مانگ بە مانگ ئەدەم!
هەر ئەوەم تاوانە کە لە شار دوورم
تا تۆزی دەرگایان زەرد کا ڕووی سوورم،
وەک ئاغای ئامۆزام، وەکوو پاشا خۆی
کە کۆشک و کارخانە و بانق لواوە بۆی!
دە ڕێم بەن، یەک دوو ساڵ منیش بێمە شار
دەستی قرپ بنێمە خەرمانی دینار!
چیم وەرگرت لە میری، لە باڵوێزخانە،
چیم دزی لە ڕووتەی ئەم نیشتمانە
دوا فلسی بهاومە بنی ئاوی حەوز:
لەسەر جێی شەوی سوور، لەسەر مێزی سەوز...
بزانن ئەو حەلە من یا ئامۆزا:
قەڵانتر ئەنوێنین گەردنی ڕەزا؟!
بزانن من یا ئەو، لە حەق پارلەمان
ئەبینە هۆی لوتفی باڵوێزخانەکان:
بە دەنگدان، مۆرکردن، هەڵبڕینی دەست،
هەر پاشا بنوێنێ گۆشەی چاوی مەست!
بزانن من یا ئەو، کەڵکی کۆمپانی
باش ئەگرین بە خەستیی بەستەزمانی؟
بزانن من یا ئەو، وەکوو کەڕ و لاڵ
بەرامبەر بە تانە و توانجی تاڵ تاڵ،
کونی گوێ بە لۆکەی بێعاریی ئەگرین،
«نەء» ناڵێین بە میری هەرگیز تا ئەمرین؟
بزانن من یا ئەو، بماندەنێ تێغ،
بۆ پاکۆی سەری گەل نامانبێ درێغ؟
***
ئەی پاشای خاوەندی کۆشک و کادیلاک!
بۆ باڵوێزخانەکان بە دڵسۆزیی پاک
سوێن ئەخۆم کە بوومە نوێنەری کورد
تێکۆشم ملی کورد چاکتر بکەم ورد!
ئیتر چاوەڕوانم جەنابی مدیر،
ڕاسپێری، ئەمجارە دەرنەچم لە بیر!