قانع و کۆتری ئاسایش

از کتاب:
شاخی هەورامان
اثر:
قانع (1898-1965)
 1 دقیقه  858 مشاهده
ئەی کۆتری سپی ئەی مەلی جوان
مەرهەمی زامی گەلی پاشکەوتووان
سەرباڵ چڕی شیر، سەر سنگ نەرم و نۆڵ
ئاوەدان کەری شاخی چۆڵ و هۆڵ
هاقووت سەمتوری، کەڵەی گەنجانە
لەنجە و لارەکەت بۆ دڵ دەرمانە
گوم گومەی قوڕگت کەمانچەی سۆزە
سێبەری باڵت پیرۆزیی هۆزە
دەک پیرۆزت بێ شەرەف و شانت
خۆشەویستیەکەی دەوری جیهانت
کە دەرئەکەوێ لەسەر تەلاران
دێنێتە خرۆش گەلی هەژاران
ئەی کۆتری ئاشتی ئەی نووری چاوم
تەسکینی ئێشی جەرگی قرچاوم
بێرە گەردەلوول باڵ ڕاوەشێنە
بە ڕووی گیتیدا ئاشتی بنوێنە
چون ئێمە لە جەنگ تەواو بێزارین
لەبەر هەژاری یەکجار بیمارین
ئێمە و بەرابەر تۆپ و تەییارە
ئێمە و کەلەپچە و لە پای سێدارە
ئێمە هەوڵ ئەدەین بۆ ئاو و بۆ نان
ئێمە و جەنگ کردن ئێمە و ڕووی مەیدان
ئەی کۆتری ئاشتی ئەی هۆی ئاسایش
بە خۆت ئەکەوێ جلوە و نمایش
شەقەی شاباڵت با کەڕ کا دوژمن
بخە ئاسایش سەد هەزار وەک من
ئیتر هەر بژیت مایەی ژیانم
ڕووناکی چاوم نەجمەی سەرشانم