هەرکەسێ تالیبی شەمعی تەلعەتی جانانە بێ

از کتاب:
دیوانی سابیری
اثر:
صابری (1881-1944)
 2 دقیقه  1331 مشاهده
هەرکەسێ تالیبی شەمعی تەلعەتی جانانە بێ
شەو ئەبێ خوڵق و ڕەوشت و سەنعەتی پەروانە بێ
با دڵ و جەرگی بە خەنجەر پارەپارە و قیمە کەن
دەنگی ئاخ و ئۆفی نایە، چا نیە گەر وانەبێ
ئیشتیعالی ئاگری دڵ ئەو دەمە ئەکوژێتەوە
دائیرەی دڵ خەیمەگاهـ و تەختی ئەو سوڵتانە بێ
مەست و مەدهۆشی لیقا چی بکا لە دونیای بێ بەقا
هەر دەبێ دێوانە دائیم بێ لیباس و خانە بێ
موڵک و ماڵ و مەرتەبەی دونیایی دوونی بۆ چییە؟
شەو دەبێ مەجنوونی زولفی لەیل و ڕۆژ بێ خانە بێ
عەشقی یار و حوببی دونیا هەردوو زیددی یەکترن
گەر دلارامت دەوێ با ماسیوا بێگانە بێ
هەرکەسێ مەجنوونی لەیلابێ چ باکی تەعنەیە
لازمە هەرچێ بکا نالایق و شێتانە بێ
ناوی مەجنوون ئاگری بەردایە دڵ ناحەق نییە
من وجوودم ماسی و ئەشکم وەکوو ڕۆخانە بێ
حەققە شەو گریان و ناڵینم بە چاوی سوورەوە
چونکە ئەنجامی عەرووسی عادەتە سوورانە بێ
پایزە و عالەم لە تەعمیراتی نەقشی خانەیە
عاشقی ڕووت هەر مەکانی کەپری تاووستانە بێ
شادییە جەژنە هەموو عالەم بە بەرگی تازەوە
دوور لە باڵات تابەکەی بەرگم ڕەش و زستانە بێ
دەستی بۆ گیرفانی هێنا تاکوو ژیرم کاتەوە
من هەنووم هەڵسا سەرم قوربانی ئەو گیرفانە بێ
پیاوی عاقڵ گفتوگۆی بێهودە ناکا موتڵەقا
مەست ئەبێ ڕەفتار و ئەتواری هەموو مەستانە بێ
سابیریتخلص پیر بووی خەوی غەفڵەت لە چاوت دەرنەچوو
کوا حەکیمی واقیفی ئەم عیللەت و دەرمان بێ