ئەی بە سوورەت نووربەخشی ئافتاب و کەوکەبی
از کتاب:
دیوانی سابیری
اثر:
صابری (1881-1944)
1 دقیقه
569 مشاهده
ئەی بە سوورەت نووربەخشی ئافتاب و کەوکەبی
وەی بە لێوانی مەسیح ئاسا شیفابەخشی تەبی
چاوەکانت مەستی نازە یا لە خەو هەڵساوە یا
مەستی مەی یا خوێن ڕژانی عاشقانە مەتڵەبی؟
حەیدەری چاوت بە زولفەققاری ئەبرۆ ئەی سەنەم
خەیبەری دڵمی لەبن هێناوە شار و مەکتەبی
تا بە موغناتیسی چاوت ئاسنی دڵ جەزب ئەکەی
ڕۆحی عالەم پەڕڕەکایە تۆ میسالی کەهرەبی
کاشکی من نام و نیشانی تۆم ئەزانی ماهڕوو
تۆ کە شازادەی عەجەم یا کورد و ڕووم و عارەبی
خۆ بە ڕووترشی لە تۆ دوور ناکەوم ئەی خووبڕوو
وەک مەگەس سەدجار دەرمکەی دێمەوە شیرین لەبی
بێ بەڵا بی سەرفی سرکەی ڕووت ئەکەی بۆ ئاشنا
ڕووبەڕووی بێگانە وەک ئەسکەنجەبین خۆش مەشرەبی
تا هەناسەم عەرز و حاڵی دڵ نەباتە بەر دەمی
کەی عیلاجی زوعفی قەلبی من ئەکا غونچەی لەبی؟
بۆ گرووهی عاشقان نابێ لەمەولا ڕاحەتی
تا بە دوو جەللادەوە تۆ حاکمی ئەم شارە بی
سابیریتخلص ئازا سەری تەسلیم لە بەر پێی دابنێ
تا لە سایەی یارەوە ڕۆژێ بە ساحیب بەهرە بی