وتی بۆ چی نەما هۆشت وتم بە خوا لەبەر چاوت

از کتاب:
دیوانی مینە جاف
اثر:
مینه جاف (1911-1965)
 1 دقیقه  493 مشاهده
وتی بۆ چی نەما هۆشت؟ وتم بە خوا لەبەر چاوت
وتی بۆچ بووی بە مەجنوون تۆ؟ وتم بۆ پەرچەمی خاوت
وتی چی عاشقی کردیت؟ وتم خورشیدی ڕوخسارت
وتی تۆ شێتی چی بووگی؟ وتم بۆ خاڵی نەخشاوت
وتی بۆچ بووی بە دێوانە؟ وتم بۆ بازن و پەنجەت
وتی بۆ چی زەلیلی تۆ؟ وتم کەوتوومە ناو داوت
وتی بۆ چی ئەناڵێنی؟ وتم بۆ غونچەیی لێوت
وتی بۆ چی دڵ ئەوگاری؟ وتم بۆ قامەتی لاوت
وتی مات و سەراسێمەی؟ وتم بۆ گەردنی سافت
وتی حەیرانی چی بووگی؟ وتم گیان شەوقی ناو چاوت
وتی بۆ چی وەها شەیدای؟ وتم بۆ باغچەیی لیمۆ
وتی کوانێ؟ وتم سینگت لە ژێر سوخمەی ترازاوت
وتی هاوار ئەکەی بۆ چی؟ وتم بۆ قامەتی سەروت
وتی دێژی برینداری؟ وتم کەوتوومە بەر ڕاوت
وتی هەڵسە لە گەڵما بێ، وتم مومکین نییە حەپسم
وتی زەنجیر لە پێتایە؟ وتم پێپلکی هووناوت
وتی مینەتخلص هیلاکی تۆم، وتم قوربان دەوام سەهلە
وتی چی بێ دەوات بیکەم؟ وتم ماچێ لە بەر چاوت