ئەی سەید خەلیل سەرداری سەران

لە قەبرستانی سەید خەلیل
از کتاب:
دیوانی مینە جاف
اثر:
مینه جاف (1911-1965)
 2 دقیقه  486 مشاهده
ئەی سەید خەلیل سەرداری سەران
سەیرانگە و خاوگەی میران و شێران
ئیسە ئەزانم چی لە دەورتە
چەن شۆڕەسوار لەبەر قەورتە
ئیمڕۆ من هاتم بۆ سەیرانەکەت
گوڵ و گوڵزاری سەر قەبرانەکەت
هەموو پێم ئەڵێن بە زوانی حاڵ
تۆ دڵخۆش مەکە بە دونیای بەتاڵ
هەر گوڵێ لێرا کە زەرد و سوورە
یا ئاڵ و شین و بەنەوشە و مۆرە
ڕیشەی لە جەرگی نەوجەوانێکە
ئاوی لە خوێنی حوکمڕانێکە
هەر پەڕەی گوڵێ تەڕ و ئاودارە
لە سەر ڕوومەتی شۆخی نازارە
ئەو بەڕەزایە پەخش و چین چینە
پەرچەمی خاوی شۆخی شیرینە
هەر نێرگس کێشی مەست و مەخموورە
دیدەی شۆخێکی گەردەن بلوورە
ئای چەنمان دیوە پۆلی نازاران
گەل گەل ئەهاتن گشت چاو خوماران
بە خۆشی و فەرەح بێ پەروا و ئازاد
گشت هەڵ ئەپەڕین لەم بانە دڵشاد
چەن شەهریار و یا چەن حوکمدار
یا چەن ئەمیرێ شۆخی شۆڕەسوار
ڕاویان ئەکرد لەم بانە بێ باک
ئیسە لە ڕاوگا کەوتوون بوون بە خاک
نە سەیران کەر و نە ڕاوکەر ماوە
هەمووی وەکوو یەک لاشەی ڕزاوە
تۆ ئەبێ بۆ چی دڵخۆش کەی ئەمڕۆ
وریات ئەکەی تۆ بە خوا بێ درۆ
وە حەمەد پاشا ئەگەر هەڵ کەوێ
بە هەزار سوارۆ ئەگەر سەر کەوێ
سەد ساڵ عومرت بێ بە حوکمرانی
یا بچیتە سەر تەختی بابانی
ڕۆژێ هەس گەردوون ئەبێتە سەییاد
ڕۆحت ئەکێشێ هەر وەکوو جەللاد
کاتێ ئەزانیت هاتوویتە ئێرە
لاشەت لە ژێری دوو بەرد ئەسێرە