وەرە قاسید دەخیلت بم مەوێسە زوو بە زوو تو خوا
بۆ حەسەن فەهمی بەگی جاف
از کتاب:
دیوانی مینە جاف
اثر:
مینه جاف (1911-1965)
2 دقیقه
500 مشاهده
وەرە قاسید دەخیلت بم مەوێسە زوو بە زوو تو خوا
بەرە ئەم عەرزە تا خزمەت ئەمیری عالی و والا
مەڕۆ تا پێت بڵێم وەسفی نەوەک نەتدیبێ نەیناسی
مەبادا لێت بگۆڕێ تۆ نیشانەی میری عالیجا
دەچیتە خزمەتی میری بە هەیئەت خوسرەوی سانی
لە بەرزی خولق و تەمکینا بە عەینی خوسرەوی ئەولا
بە گوێرەی فیکر و تەدبیر ناکرێ باسی بە هیج جۆرێ
بە تەحریر ناکرێ وەسفی لە حوسنی خوڵق و تەمکینا
ڕەشیدە هەر وەکوو حاتەم شەجیعە هەر وەکوو ڕۆستەم
ڕەئووف و داهی و ماهیر لە عەدلا پێڕەوی کیسرا
نەکەی تەرکی ئەدەب ئامان بە سەربەستی بە بێ ئادا
نەچیتە ژورە ئەووەڵ بوێسە تۆ لە قاپیدا
ئیجازە وەرگرە ئەوسا لە پاشا تۆ بچۆ پێشۆ
بەیانی عەرزی ئیخلاس و ئیرادەتمان لە خزمەتیا
بەشیر وەقتێ کە هات هێنای لە غافڵ نامەکەی دایە
شیفای بۆ هات بە بێ دەرمان نە دەردی ما نە لەرز و تا
لە خۆشی زەوقی ئەو لوتفی ئەمیرانەی کە تۆ کردت
ئەوەندە مەسروور بوو نەیزانی کە چۆن شوکرانی لوتفت کا
بڵێ قوربان لە خزمەتتا ئەڵێت تا ڕۆژێ من ماوم
موحیببی تۆم و مەمنوونم موتیعم من لە گشت ئەمرا