دیسان چییە ئەم حەشرە لە ناو میللەتی کوردا
شێوەن بۆ چوار ئەفسەرەکە (عیززەت، خۆشناو، قودسی، خێروڵڵا)
از کتاب:
دیوانی مینە جاف
اثر:
مینه جاف (1911-1965)
2 دقیقه
522 مشاهده
دیسان چییە ئەم حەشرە لە ناو میللەتی کوردا
ئەم ئێشە چییە وا لە دڵی گەورە و وردا
ئەم ماتەم و گریانە لە کوردایە بە ڕاسی
هەر تەعزییەکەی ئالی عەبایە بە قیاسی
ئێشێکە نە وەک مەرگی برا و باوک و کوڕانە
زامێکە نە وەک زامی گولە و شیر و سینانە
هەر کوردێ ئەبینی کوڵ ئەدا گیانی لە بەردا
سەیلێکە سور شکێکە بە خوڕ ئەڕژێ لە سەردا
کامەی کە بڵێی تۆزێ شەرەفدارە حەیاتی
لا تاڵە تەڵەب کارە بە دڵ، مەرگ و مەماتی
ئەم شیوەن و ئەم ناڵە و هاوار و فوغانە
ئەمڕۆ کە لە ناو کوردی عیراق و لە ئێرانە
بۆ مەرگی گەلێکە کە فیداکاری وەتەن بوون
مەردانی نەبەرد ئاوەر و شێرانی ژیان بوون
پۆلێکی وەها بوون کە لە ڕێی قەوم و وڵاتا
ڕویینە بەر ئییعدام و نە دۆڕیان لە سوباتا
ئەی چەرخی فەلەک سوێنت ئەدەم من بە ئیلاهی
مەیشارەوە، کەتمی مەکە، بیدە گەواهی
کێت دیوە لە ژێر سایەکەتا غەیری کوڕی کورد
بڕواتە بەر ئیعدام و بڵێ بێ خەم و دەرد
ئۆخەی ئەمە ئێمەین کە لە سەر تۆڵەیی میللەت
ئەکوژێین و ئەخنکێین و ئەنێژرێین بە حەمییەت
کوژیانێ لە سەر قەوم و وەتەن عەینی حەیاتە
کەی مەرگە لە لای ئێمە، هەموو جاهـ و خەڵاتە
مادامێکی ئەم قەومە وەها بەرز بوو مەقامی
بڕواتە بەر ئیعدام و ئاوا بێت و کەلامی
بێ جێیە خەم و ئێش و خەفەت ئەی گەلی کوردان
حەقمانە، بە دڵمانە، بژین، بێ خەم و گریان