سەرەتا

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 9 دقیقه  4444 مشاهده

دەمێ ساڵە، بگرە ئەوەتی هۆشم کردووەتەوە لە کانگای دڵمەوە حەزم لە ئەدەب و ئەدەبیات کردووە، بەو بۆنەوە گەلێ جار خێم ئەدایە خوێندنەوەی ئەو شتانە کە ئاشنایەتییان بە ئەدەبەوە هەیە، بەتایبەتی هینەکانی ڕۆژەڵات چ عەرەبی چ فارسی - ئەمە بێجگە لە ئەدەبیاتی ڕۆژاوا - جۆش و خرۆشێکی ئەدامێ و ئەیخستمە عالەمێکی ترەوە. ماوەیەکی باش ئەمە ئیشم بوو بەبێ ئەوەی بچم بە لای بیروباوڕێکی تردا!

ڕۆژێک شتێکم ئەخوێندەوە. کە لێ بوومەوە، سەرلەنوێ لە دڵی خۆمدا وردم ئەکردەوە، لەمەوە کوتوپڕ ئەوە هات بە بیرمدا کە ئایا من چیم؟ ئینگلیزم؟ نەء. عەرەبم؟ نەء بەڵکوو کوردم. باشە کە کوردم ئەبێ لە نەتەوەی کورد بم؛ کە لە نەتەوەی کورد بووم ئەمەی تێگەیاندم: کە کورد ناوی لە لاپەڕەی ڕۆژگاردا هەیە و ئەمیش قەومێکە بۆ خۆی. زۆری پێ نەچوو لەو دەریای خەیاڵەدا کە میللەت مادام میللەت بوو بەبێ گومان ئەبێ زمان و ئەدەبیات و تاریخێکی ببێ. ئەگەر نەیبێ بە هیچ ناژمێررێ و هیچ نییە. لێرەدا سەرم لێ تێکچوو. تەماشای خۆم ئەکەم هیچی تر نیم تەنها کورد نەبێ، تەماشای بارەکەی تری ئەکەم سەیر ئەکەم تەنیا کورد نەبێ هەموو شتێکی ترم! کسپەیەک لە دڵمەوە هات، بەوە دڵی خۆمم دایەوە کە وتم: بەڵگەی قەومی کە زمانە ئەوا من هەمە، من لە نەتەوەی قەومێکم کە لە بەرەبەیانی تاریخەوە بەم زمانە کە من قسەی پێ ئەکەم و پێی ئەنووسم قسە ئەکەن و هیچ کۆسپێک لای نەداون لە ڕێگەی خۆیان، بەتایبەتی کە دەمبینی «ئەمیر شەرەف خان»ی بتلیسی لە ١٠٠٥ی هیجری و «ئەمین زەکی بەگ» لە ١٩٣٦ی میلادی تاریخیان بۆ قەومەکەم نووسیوە بست بست گەشکەم ئەکرد و هیوام بە خۆم و بە قەومەکەم تازەتر ئەبووەوە.

زۆر سەیر بوو، بەڵێ خۆم و قەومەکەم بە کامەرانی ئەبینی، وە ئەو ڕێچکەیەش کە گرتبووم لە خوێندنەوە و فیکر کردنەوە هەر بەرەڵام نەکرد تا ڕۆژێک هات بە دڵمدا وتم: کۆڵەکەی هەرە قایمی قەومییەت ئەدەبیاتە. پایەی قەومێکی پێنج هەزار ساڵ لەمەوپێشی ئێستە بە ئەدەبیاتەکەیدا بۆ پیاو دەرئەکەوێ، وەکوو هینەکەی ئێستە هەر بەو بۆ پاشەڕۆژ دەرئەکەوێ. دەی خۆ ئێمە یا یەکێکی وەک من شتێکمان بە دەستەوە نییە کە مێژوویەکی ئەدەبیاتمان بێت تا ڕۆژانی ڕابردوومان بێنێتەوە پێش چاو لەگەڵ ئەوەش گومانی تێدا نییە کە بە هەزاران هەزار پیاوی عالم، ئەدیب و شاعرمان تێدا هەڵکەوتووە هەر یەکە بۆ خۆیان دەورێکیان گێڕاوە و ڕۆیشتوون... ئەوەم هات بە دڵدا کە ئایا لەم هەموو ڕابردووانە و لەم هەموو هەوا ناسانە بۆچ یەکێک یان چەندە کەسێکمان نەبوون و نەهاتن مێژوویەکی ئەدەبیمان بۆ دابنێن تا نەتەوەکانی ئیمڕۆژیان بەم جۆرە سەرگەردان نەبن؟... وەڵامی ئەم پرسیارە خوێنەر لەناو کتێبەکەدا بەرچاوی ئەکەوێ. لە پاشەرۆکی خەیاڵەکاندا کەوتمە سەر ئەوە کە بەڵکوو چاک بکەم بە لادا و مێژوویەکی ئەدەبی کوردی دابنێم بۆ خۆم و بۆ ئەو قەومەم کە تا ئێستە لەم سووچەوە بێبەش بوون، ئەمەش و ئەوە کە ڕۆڵەکانی ئیمڕۆژ و پاشەڕۆژمان بیگرن بە دەستەوە و لە ڕیزی ئەو قەومانەدا ڕاوەستن کە مێژووی ئەدەبیاتی خۆیانیان بە دەستەوەیە. ئەمە لە لایەکەوە، لە لایەکی تریشەوە با لۆمەی کوڕانی کوردی پاشەڕۆژمان نەیەتە سەر وەکوو لۆمەی ئێمە ئەچێتە سەر پێشینەکانمان، لەگەڵ ئەوەش ئێمە حەقمان نییە لۆمەی ئەوانەی پێش خۆمان بکەین -وەکوو لەمەودوا باسی ئەکەین- بەڵام هینەکانی پاشەوە هەقیان هەیە لۆمەی ئێمە بکەن.

من دان بەوەدا ئەنێم کە دانانی مێژوویەکی ئەدەب لە هەر زمانێکدا بێت ئیشی تاقە کەسێک نییە بەڵکوو پێویستە بە لیژنەیەکی دانای زانا تا بتوانن ئەو ئەرکە بەڕێوە بەرن. بەڵام ئەو بڕوایە نابێ پیاو لە ئامانجی خۆی بخا، پیاو ئەبێ باوەڕی لە کێو و هێزی لە پۆڵا قایمتر بێت. گومان و ترس دوو ئەهریمەنن بە درێژایی ساڵ لەگەڵ پیاودا لە جەنگدان و پیاو بەرەو دوا ئەگێڕنەوە! ئەو کەسەش باوەڕی بە سەرکەوتن ببێ ئەبێ هێزە پۆڵاینەکەی بخاتە کار بۆ لە ڕیشە هەڵکێشانی ئەو دوو ئەهریمەنە. هیچ کەس لە هیچ ڕێگەیەکدا لەم جیهانە بەسەر هیچ ئارەزوویەکیدا زاڵ نەبووە تا ئەو هێزەی خۆی نەخستبێتە کار.

با ئەوەش بزانین وەکوو ئەو ئەهریمەنانە بۆ هەموو کەس هەن ئەو هێزەش هەروەها بۆ هەموو کەس هەیە. جا ئەگەر منیش بهاتمایە بموتایە ئەم ئیشە لە توانای مندا نییە، یەکێکی تریش لە پاش من ئەویش هەروای ئەوت و بەم جۆرە ئەم بۆ ئەوی ئەهێشتەوە و ئەو بۆ ئەو تا دنیا دنیا بوایە بەم چەشنە ئەماینەوە و لەباتی ئەوە کە وەکوو ئاوێکی ڕوونی ڕەوان هەر لە ڕۆیشتندا بین ئەبووین بە ئاوی بۆگەنی گۆمێک کە لە شوێنەکەی خۆیدا مابێتەوە.

ئەمە ئاشکرایە کەیانی هیچ قەومێک چ سیاسی، چ ئەدەبی، چ کۆمەڵایەتی، چ ئایینی کتوپڕ و لەپڕێکا نەگەیشتووەتە ئەم پایەیە کە ئەبینرێ یا ئەخوێنرێتەوە، بەڵکوو لە سەرەتاوە تاقە یەکێک دەستی داوەتێ ئینجا بەرەبەرە پاشماوەکانی ئەو ڕێکوپێکیان کردووە؛ ئێستە منیش ئەمە دائەنێم و ئەیکەم بە بناغە. هیوادارم قەومە خۆشەویستەکەم بە چاوی لێبوردن لە ناتەواوییەکەی ئەبوورن و لە ڕۆژانی پاشەڕۆژدا لە کۆڵیتێکەوە ئەیکەن بە کۆشکێک.

ئەزانم ناتەواوی تێدا هەیە چونکە ئێستە من ئەگەر بمەوێ مێژوویەکی ئەدەبی عەرەبی یان فارسی -کە ئەمانە لە ڕۆژەڵاتدان- دابنێم زۆر زۆرم بەلاوە ئاسانە، چونکە کتێب و سەرچاوە زۆرە؛ بیانهێنە و دایان بنێ و لێیان وەرگرە و کۆیان کەوە ئەوە بوو بە کتێب، بەڵام لە زمانێکی وەکوو زمانی کوردیدا دوو کۆسپی زۆر گەورە لە ڕێگەدایە، یەکەم بێ سەرچاوەیی، دووهەم یەک نەخستن و یەک نەکردنی شێوەکانی زمانی کوردی. بەڵێ شێوەکانی زمانی کوردی هەموو لە یەک ڕیشەیە و پەل پەل بوونەتەوە بەڵام ئاگاداری بەسەر ئەو پەل و لقانەدا وەنەبێ شتێکی ئاسان بێ، لێکۆڵینەوە لە شێوەیەک تێگەیشتن لە بنچینەکەی تەنیا ئەمە ژیانێکی سەربەخۆی ئەوێ کە چی سەرەڕای ئەمە پەلاماردان بۆ شێوەکانی تر دیارە ئەمە ئەبێ لە وزەی تاقە کەسێکدا نەبێ. لە کوێ ئەوە کە پیاو تەنها خەریکی لێکۆڵینەوەی شێوەی موکری بێ؟ و لە کوێ ئەوە بچی بۆ هی بۆتان و لوڕ و هەورامان؟ ئەگەر یەکێک بە چاوێکی وردبینەوە ورد ببێتەوە، لام وایە ئەم ئەرک و عەزیەتە بە کەم نازانێ و ئەکەوێتە سەر ئەو باوەڕە کە پێکهێنانی شتێکی وەها زەمانێکی دوور و درێژی ئەوێ و حەرامکردنی هەموو ناز و نعمەتێک.

ئەم کتێبەی ئێستە لە بەردەستدایە، کرد و کۆشی گەلێ ساڵە. گەڵێ ساڵە کەلێن و قوژبنی کوردەواری بە زمان و بە قەڵەم ئەپشکنم، بێجگە لە باسی کورد و ئەدەبی بێگانە -ئەسڵی ئەدەبیاتەکە خۆی هیچ سەرچاوەیەکی کەڵکبەخش- کە لەسەر لاپەڕەیەک چاپ کرابێ- نەبووە و نییە. سەرمایەی دەستم بۆ ئەم ئیشە ٤٩٨٠ پارچە کاغەزە کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا لەم و لەوم پرسیوە و کۆم کردووەتەوە کە لە باری چۆنیەتی ژیانی ئەو شاعیرانەدا کە من لێرە نووسیومن، ئەم ئەرکەش هەموو بۆ ئەوە کە «مستشرق» ڕۆژەڵاتیناسێک ئاشنا ببێ بە ئەدەبی کوردی وەکوو چۆن کوردەکەش خۆی لە ئەدەبی باوباپیری خۆی نزیک ئەبێتەوە.

دیسان کەم و کۆڕییەکی تر لەم کتێبەدا هەیە، ئەوەش ئەوەیە: ئەبوایە لە سەرەتادا کە باس ئەکرا بەپێی دەور و چەرخ هەچ شاعرێک بووە لە کورددا بە ڕیزە باس بکرایە بۆ ئەوە بە سەرە بهاتنایەتە خوارەوە، نە وەک ئێستە شاعرێکی دووسەد ساڵ لەمەوپێش قسەی لێوە بکرێت کە چی لەبەرگەکەی تردا بچێتە سەر شاعرێک کە دووسەد و پەنجا ساڵ لەمەوپێش بووە! ئەم ڕەوشتە دیارە بۆ باسی مێژوو یا بۆ مێژووی ئەدەب من پێی لێ ئەنێم کە ناپەسەندە. بەڵام چی بکەم لەبەر بێ سەرچاوەیی دەسەڵاتم نەبوو بەسەر پێکهێنانی ئەم ڕوشتەیەدا، ئەمەش لەبەر دەستنەکەوتن بوو. خۆ ئەگەر بهاتمایە و چاوەڕێی ئەو یاسایەم بکردایە ئەبوایە لە کتێبەکە بگەڕامایە و بکەوتایەتە گۆشەی لە فکر چوونەوە.

هەروەها ڕەنگبێ ئەو ڕەخنەشە بگیرێت: کە سەرەتای باسی شاعرەکان کوردییەکی ڕەقە و پیاو تێناگەیەنێ. بۆ ئەم ڕەخنەیە مل نادەمە پێشەوە چونکە کتێبەکە کتێبێکی ئەدەبییە و ئەو کوردییە کە لەوێدا هەیە هەمووی کوردییەکی باوی بەسەر زارەوەیە و هیچی تازە کورە و دەست هەڵبەست نییە، ئەمە یەک، دووهەم با ئەدەبی زمانی کوردی ئەوە پیشان مەردم بدا کە ئەگەر بهاتایە و خزمەتێکی ڕاستەقینەی ئەم زمانە بکرایە، تا ئێستا جوانی و دڵکراوەییێکی ئەبوو نە وەک کوڕی زمانەکە بەڵکوو هەموو بێگانەیەک شیفتەی جەمالەکەی ئەبوو، جا بۆ ئەوە ئەو جەمالە لە ئاسمانی ئەدەبیاتی کوردیدا وەکوو ڕۆژ دیار بێ نەمتوانی دەست لەو نیگارە هەڵگرم.

ئەم کتێبە هەر چەندە مێژووی ئەدەبی کوردییە بەڵام لەبەر ئەوە زانینی ئەو قەومە کە مێژووی ئەدەبی هەیە پێویستە، ئێمەیش هاتین ڕەوشتی ئەم کتێبەمان بەو جۆرە دامەزراند کە لە پێشا باسی کورد و وشەی کورد و بنچینەی کورد بکا لەگەڵ شوێن و سەرژماریانا، لەپاش ئەوە باسی ئەدەب و چۆنیەتی ئەدەب و داهاتنی ئەدەب لە عالەمدا، بەشوێن ئەوەدا ئەدەبی کوردی لە ئەدەبێکی زۆر کۆنەوە، پاش ئەو ژماردنی هەندێ لە شاعرانی کورد لەگەڵ مێژووی مردن و ژیانیانا بەپێی دەسەڵات، لەپاشا باسی شاعرە هەرە گەورەکانی کورد ئەوانەی بەر پەلمان کەوتوون، بە شوێن ئەمانەدا ئەدەبی ڕۆژنامەی کوردی. ئینجا بەراورد کردنی ئەدەبی کوردی لەگەڵ ئەدەبی عالەمدا تا ئەگاتە سەرەتای چەرخەکانی ناوەڕاست سەرەتای داهاتنی ئیسلامەتی لەم بەرگەدا.

بۆ ئاگاداربوون بەسەر گەلێ لەم شاعرانەدا سوپاسی قەومی خۆشەویستی کورد ئەکەم کە یارمەتییان داوم بەتایبەتی «حەسەن بەگی جاف» و «عەقید محەمەدعەلی بەگی کوردی» کە زۆر دڵسۆزییان لەگەڵ نواندم، سەرچاوەی هەموو سوپاسێک بۆ خوایە و هەموو یارمەتییەک هەر شایانی ئەوە.