قەمەر ڕەنگی لە ڕوو دەبڕی کە بکرێ باسی ڕوخسارێ
از کتاب:
دیوانی حەمدی
اثر:
حمدی (1876-1936)
2 دقیقه
497 مشاهده
قەمەر ڕەنگی لە ڕوو دەبڕی کە بکرێ باسی ڕوخسارێ
کە نەیبێ کوڵمی هەر وەک گوڵ کڵافی میشکی تاتارێ
مەلەک لەم ئاسمانانە کە مەشغوولی چراخانن
لە عوششاقا بە تاریکی دەڵێن نەک مابێ بیمارێ
لە شارا جێی نەما مەجنوون لەبەر ئەحواڵی بەدمەستی
بە پیاڵەی دیدەیی لەیلا کە نۆشی فەرموو سەر شارێ
لەبەر پێی شەوقی فەرهادا لە کاهێ کەمترە کێوێ
کە بولبول نێزە نابینێ لە گوڵشەندا بەقەد خارێ
سحوورم قورسی ڕۆژی ڕوومەتی بوو ئەم سبەینێیە
چ خۆشە گەر بمێنم مەغریبیش بیکەم بە ئیفتارێ
شوکر شاخی جنوون کەوتە چرۆکردن لە کەللەمدا
ئومێدم بەردەبارانە ئەگەر زوو بۆم بدا بارێ
بەبێ یار و دیاریدا دیاری داوە مەحروومم
ئەوانەی بەختییان یارە یەکی کەوتۆتە دووی یارێ
لەبەر کۆیی خەراباتا بەگەردی گەر حیسابم کەن
وەکوو کل گەر لە چاوم کەن بە تەکیەم من نییە کارێ
لە ڕووتا من کە زەنناری زلف بەستم لە تار و مار
چ پەروامە خەلیلی عەشق ئەکا دۆزەخ بە گوڵزارێ
خودا قودرەت بە خوێنی جەرگ و دوودی ئاهـ و ئەشکمدا
چ موحتاجم بە گوڵزار و خیابان و بە جۆبارێ
لەبەر فریادی فەرهادا دەناڵێ بێستوونی چەرخ
کە چی شیرین نییە ئەی دڵ بکەین گەر ئێمە هاوارێ
بە ناحەق من، بە حەق مەنسوور دەبێ بکرێ بەسەر دارا
حەق و ناحەق نییە مەقسەد عەشق لازمیە سەردارێ
قسەی خۆی بردە سەر ئەو شۆخە حەمدیتخلص بۆ چی بێ شەرتە
کە شەرتی کردبوو نەیکا لەگەڵ کەسدا وەفا جارێ