تەماشای بەرقی ڕوخسارت نەکەم حەقمە لەبەر چاوم

از کتاب:
دیوانی حەمدی
اثر:
حمدی (1876-1936)
 1 دقیقه  777 مشاهده
تەماشای بەرقی ڕوخسارت نەکەم حەقمە لەبەر چاوم
لەگەڵ فرمێسکما ڕۆحی ڕەوان ئەڕوا لەبەر چاوم
وەها پڕ ئاوی کردووە دیدەکانم شەوقی ڕوخسارت
کە مانگ و خۆر میسالی بەردی بن گۆمن لەبەر چاوم
شوکر یار ئیزنی داوە عەکسی نووری ڕوومەتی بگری
لەمەولا تا ببێتە مەتڵەعی شەمس و قەمەر چاوم
لە دەریایی نەزاکەتدا نموونەی گەوهەری نازە
بەری چاو ناگرێ چ بکا نەکا تەرکی نەزەر چاوم
بە پێی خۆی حەج ئەوا هاتۆتە بەر پێت گەر موسوڵمانی
دەچیتە کەعبە بێ شوبهە بە پێوە بێتە سەر چاوم
لە دەرگاهی نیگار بادی سەبا گەردی نەهێنابێ
کە وا ئەمشەو لە خۆشیانا خەریکە بێتە دەر چاوم
هونەرمەندانی موفلیس چەند کەرەمکارن لەگەڵ کوێری
شوکر بۆتە زیارەتگاهی موحتاجی بەسەر چاوم
مووەققەت تەم دەکا چاوێ کە سەیری پرتەوی خۆر کا
لە سەیری ڕووت موئەببەد حەقیەتی تەم کا ئەگەر چاوم
لەبەر مەستی نیگاهت کەوت لە دیدەی حەمدیتخلص یا سەوز بوو
خودا ئەم نەخلی نازە نەبڕی بەڵکوو بێتە بەر چاوم