لە داوی میحنەت و دەردی زەمانە ئێستە ئازادم

از کتاب:
دیوانی حەمدی
اثر:
حمدی (1876-1936)
 1 دقیقه  440 مشاهده
لە داوی میحنەت و دەردی زەمانە ئێستە ئازادم
کە پابەندی سەری زلفی پەریڕوویانی بەغدادم
بە بادی داوە لەیلا زلفی خاوی میشکبار ئەلبەت
منیش مەجنوون سیفەت بۆیە لە وادی دیجلە بەربادم
بە شۆری بولبولانەی من وەکوو گوڵ پێکەنی دلبەر
وتی یاڕەب چ سڕڕێکە بە عاجزبوونی تۆ شادم
لە کێوی بێستوونی عەشقییا ڕەنگێکی شیرینم
کە ڕێژا جا وتم خەڵقینە بمناسن کە فەرهادم
بە شاگردی نەگرتم دەستگاهی چەرخی دوون پەروەر
لە بابی عالیی عەشقا شوکر ئێستاکە ئوستادم
لە جەورت خۆت دەزانی شەکوە ناکەم ئەی ستەمگەر شۆخ
نەوەک تەئسیری بێ جارێ لە دەرگاهی خودا دادم
لە لێشاوی سرشکم دیجلە پردی تاقەتی پچڕا
بناغەی جسرەکەی مۆدیشی کردە عەینی بونیادم