بەرگی تاقەی شینی ئەمشەو کردەوە بەر ئاسمان

از کتاب:
دیوانی حەمدی
اثر:
حمدی (1876-1936)
 2 دقیقه  2192 مشاهده
بەرگی تاقەی شینی ئەمشەو کردەوە بەر ئاسمان
ناشێ بۆ زینەت بکا تەقلیدی ئەختەر ئاسمان
مەشقی ئەبرۆ و ڕوومەت و پرشنگی چاوی ئەو نەکا
بەم گەلاوێژ و هیلالە و بەدری ئەنوەر ئاسمان
شەق بەرێ شێواوی شێوەی ئەو کڵاوە لارەیە
بابدا سەد شیر و خورشیدیش لە ئەفسەر ئاسمان
نەک بگرمێنی و ببارێنی لەبەرکا بەرگی شین
قەت بە تۆ نابێ سکی بدڕێ بە خەنجەر ئاسمان
تۆ کە دەرکەوتی وەکوو ڕۆژ ون ئەبن ئەستێرەکان
تەم دەکا ئەوسا دەچێتە شکلی سێبەر ئاسمان
ئافەرم ئەی ئەرز هەڵتهێنا حەقیقەت ئەختەرێ
میسلی دەرناخا لە دەهرا گەر بخا بەر ئاسمان
شەوقی پشکۆی ڕوومەتی تەئسیری کردە عوودی زلف
بۆیە کون کون بوو میسالی تاسی مەجمەر ئاسمان
نەشئەیی جامی شەراب و لەنجەیێکی تۆی نییە
خۆر بەدایم خول بدا هەڵڕێژی کەوسەر ئاسمان
شەوقی ئەختەر هەر وەکوو ڕێگا بە حەمدیتخلص گوم دەکا
جیلوەیێکت لا دەبا ئەلبەت لە میحوەر ئاسمان
من حەسەد بەعزەن بە چاوی خۆم دەبەم سەیری دەکا
چی بڵێم کەوتۆتە شەوقی عەشقی دڵبەر ئاسمان
حەق نییە تەعنە لە ڕەفتاری بدەم بێ چارەیە
گێژ ئەدا عوزری هەیە بێ پا و بێ سەر ئاسمان
وەک فوتۆغراف خۆزگە عەکسی کردەوەی خەڵقی ئەگرت
جا وەرە دەرخا سیجیلل و شەرحی دەفتەر ئاسمان
ئەم کیبارانە ببینێ چەرخی خۆی حاڵی دەبێ
تا خەجاڵەت بێ کە چەند بوو سفرە پەروەر ئاسمان
بۆ سەگێکی گەر فڕێ دا لوقمەیێکی چەور و نەرم
تەوقی زەڕینی ببێ ئەیکاتە مل کەر ئاسمان
هەر لق و پۆپی درەختی میوەدارە وشک ئەکا
هەر خەریکە سەوز و تەڕ کا داری بێ بەر ئاسمان
من لەلام قەبرێکی تەنگە کێ دەڵێ ئەرز واسیعە
خۆ سەری واگرتووە بەستوویە شەشدەر ئاسمان
قەت خەڵاسیمان نییە مەوجێ نەدا بەحری وجوود
غەرقی کا وەک کەشتی خستوویە کە لەنگەر ئاسمان