لە مەوجی بەحری فیکرەتدا پڵوپووشانە گەردانم

از کتاب:
دیوانی حەمدی
اثر:
حمدی (1876-1936)
 2 دقیقه  1482 مشاهده
لە مەوجی بەحری فیکرەتدا پڵوپووشانە گەردانم
لە ئەوجی نووری وەحدەتدا میسالی زەڕڕە حەیرانم
دەڵێم بەحسی نەکەم عەقڵی کولی تێدا کە کوڵ بووبێ
لە بازاڕی کەماڵم چی لە نەقد و جنس کە نوقسانم
جگەر سووتاوم و توشنەی نماوی ڕەحمەتم دەشڵێم
بە ئاهی سەردەوە خاکی بەسەرداکەم بە دامانم
بیرونی دائیرەی دەرکە لە ئافاقی فەهم خاریج
چییە و چۆنە و چ نەوعێکی بکەم تەعریفی نازانم
کە مەخلووقی نیگاهێکی بەجارێ کائیناتی بێ
لە عەقڵێکدا چلۆن وەسفی ئەگونجێ ماڵی وێرانم
لیقایەک جوملە ئەجرامی سەماوی زەڕڕەیێکی بێ
ئەگەر وەسفی بکەم ئەلبەت بە ویسعەت ئاسمانانم
بە ئەمرێکی بووە نەشبێ بە ئەمرێکی کە مەوجوودات
دە بەحسی قودرەتی وا ناکرێ حەقمە کە نەتوانم
زیایی جیلوەیێکی ئاگری بەردایە کێوی توور
بە بەحسی کلکە توورێکم کە من مەعلوومە بریانم
مەلائیک تێنەگەی بێ ئەنبییا بەو داخەوە چووبێ
بەیانی ئەو شکۆهە قابیلە بیگرمە سەرشانم
نە ڕۆحانی نە جیسمانی بە کونهی زاتیا زاتی
نەبووبێ کەس بکا خاکم بەسەر من چیم کە ئینسانم
کە بێمە سەر سیفاتی بێ نیازی دێتە گۆ خامە
قەڵەم نیم من دەڵێ سەفحە منیش کەی عەرشی ڕەحمانم
سەمیعێ بێ کە ببیێ دەنگی خشپەی مار و مێروولە
لە شەرحیدا کەڕ و لاڵم ئەگەر سوحبان و لوقمانم
عەلیمی کوللی شەیئێ نوقتەیی پەرگاری عیلمی بێ
دڵۆپێکە بەیاناتم ئەگەر خۆ بەحری عیلمانم
بەسیری ڕۆژی ئەووەڵ کردەوەی ئاخر شەوی دیبێ
چلۆن وەسفی دەنووسێ بۆم ئەگەر بینایی چاوانم
خەبیرێ بێ خەبەرداری خەیاڵی فاسدی دڵ بێ
زمان دەشکێ لە وەسفیدا ئەوەندەی تۆزێ بزوانم
خودایێ ساحبی ئەم عەدل و دادەی ڕۆژی مەحشەر بێ
بەحەشری وەسفی ئەو وا من چی یارامە کە بڕوانم
کە ناوی لەرز لە دڵ دێنێ پڕیشکی قەهرییە دۆزەخ
بەسەر بەحسی سیراتا گەر بچم بێ شک دەچێ جانم
فەسوبحانە لە خەللاقێ بەهەشت یەک شەممە لوتفێ بێ
بەباسی غونچە بوو پشکووت دڵم وا گوڵم و خەندانم
وەکوو ڕۆژێ کە گیرابێ بە ڕەش لەم مەتڵەعە حەمدیتخلص
سەرت دەربێنە با عالەم بزانێ چەند پەرێشانم