خەوێکی هەتا سەر

از کتاب:
وەنەوشە
اثر:
محمدصدیق محمودی (1937-1990)
 4 دقیقه  956 مشاهده

تەرمی بێ گیان و لەشی بێ تەووژمی شەو کفنی سپی مانگەشەوی تێ هاڵابوو، وە خرابووە نێو تابووتی بەسامی بێ دەنگی و خامۆشێوە، تەنانەت سرتە و سریوەیەکیش پەردەی گوێچکەی نەدەلەراندەوە دەتکوت هەرچی دەنگە لاڵە و توانای دوانی نیە. چاوی خەیاڵ ژیانی وەک مەلێک دەهاتە بەر چاو، کە سەری کەساسی نابێتە بن باڵییەوە و بیەوێ شەکەتیی هەلسوڕان و فڕینی ڕۆژانەی لە لەشی خۆی دەرکا. تریفەی سیحراویی مانگەشەو، تاپۆی قژنی سێبەری چەن سپیداری بە سەر دڵی کوێرەرێیەکدا داکوتابوو. کوێرەڕێیەک کە وەک توولەمارێک ئەخزا ناو دڵی ئاوایییەوە. هەیکەلی سامناکی ترس خۆی خستبووە نێو باوەشی حووجی چەتەوڵی دۆڵی تاریک و تنووکی لای ژورووی دێوە. کانییەک لە داوێنی ئەو دۆڵەوە، وەک چاوی دێوەزمەیەک کە لە تاریکاییدا خۆی حەشاردابێ ئەتروسکاوە. من بووم و شەو، منێک کە لە دڵی تەنگمدا دەریایەک بیرەوەری پەنگی خواردبووە، شاڵاوی شەپۆلی ئەم دەریایە جاری وا بوو وەک تەختەیەکی سەر ئاو، پەیکەرەی هیوا و شادیمی بەرەو هەرێمی نەمان دەتاراند و تەنانەت خەیاڵی بوونی لە خۆشما ئەخستە پەلەقاژەی گومانەوە و جاری واش بوو، لە ئاسمانی گومانا کە شەوەزەنگی خەفەتی گرتبووە باوەش، جریوەی ئەستێرەیەک ئەهات و بە تروسکاییی بزەی سەر لێوی تەلی هومێدمی ئەلەراندەوە.

بە تەواوی توابوومە نێو دەروونی خۆمەوە کاتێ نیگای چاوم لە سەر نوختەیەکی نادیاری ڕادەما و کاتێکیش تەنیا و بێ هاواڵی هەست و شوعور، گەڕەک و کۆڵانی ئاوایی ئەخستە ژێر پێ و بە نەرمیی خەیاڵ ئەخشا بەسەر دێدا. زمانی دەلاقەیەک کە لە ماڵێکی چکۆلەی هەژارانەوە ئەیڕوانییە گەڕەکی ژوور ئاوایی، ڕایپەڕاندم. وردەوردە لە خۆم یا باشتربڵێم لە بێ خۆیی هاتمە دەر. دیسان سەرنجی چاوم وەک مەلێکی تیژباڵ بەسەر ئاواییدا خستە فڕین. بەڵام ئەمجارلەگەڵ هەست و شوعور، مەلی خەو خزابووە هێلانەی چاوی خەڵکی دێوە، خەڵکێکی چەوساوە و هەژار، خەڵکێک کە لە بوومەلێڵی بەیانییەوە تا کاتێ کە زەردەی کەل ئەخزا ناو گۆڕی شەوەوە، پەیتا پەیتا ئارەقی ماندویییان دەڕشتە سەر گۆنای گنجاوی و دەسهات وبەرهەمی شەکەتیی لەشیان بە ڕێز و ئیحتیڕامەوە پێشکەش بە خاوەن دێی زۆردار ئەکرد. لەو ناوەدا تەنیا ساکار و وریا بوون کە ئەو شەوە قومی شەڕابی خەو لە پیاڵەی چاویاندا خۆشەی نەهاتبوو.

بەڵێ ساکار و وریا، دوو لاوی پڕ لە ئەوین، ئەوینێکی خاوێن، ئەوینێک کە لە ترسی کوڕی ئاغای زۆردار تەنیا لە دڵی شەودا ئەیتوانی گوڵی لێوی بە بزە پشکوتوی ساکار بە دیاری بدا بە وریا. لە نەکاو سەرنجی چاوی بە هەڵپەم لە سەر کاتژمێرەکەی دەستم نیشت. دیم جرنگە جرنگی کاتژمێر بەشی زۆری گوڵۆڵەی شەوی هەڵوێزنیوە، لە پڕ شەوبا کەوتە شنە، شنەیەکی گیان پەروەر، شنەبایەک کە کیژۆڵەی نازداری سوورەگوڵی باغی، بە گوارەی شەونمەوە خستە سەما. ئەستێرەی گەلاوێژ کە لەشی ڕووتی لە دەریای تریفەی مانگدا مەلە ئەدا، پڕشنگی چاوی پڕ لە پێکەنینی، خستبووە نێو کاسەی پڕ لە تاسەی بەزمی گوڵانەوە. دنیا گۆڕا!

تیشکی بزەی سەر لێوی سروشت، شەپۆلی بە تەوژمی شادیی هاژاندە نێو دەماری ژیانەوە. لەم کاتەدا، وریا و ساکار مۆتەی خەو بەسەریانا زاڵ بوو. وریا سەری کاسی لەبەر بێ خەوی نایە سەر ڕانی ساکار و بە لایی لایی چاوی کاڵی ساکارەوە خەوی لێکەوت. بەڵام پێش ئەوەی دەنگی پەریانەی ساکار وەک هەموو ڕۆژێکی دی لە وێژنگی خەوا ڕای پەڕێنێ و بڵێ وریا گیان هەستە ڕۆژە، قاقای شێتانەی دەمانچەی کوڕی ئاغا پێی کوت: «وریا بخەوە و ئیدی قەت هەڵمەستە.»