نیشتمانم

از کتاب:
وەنەوشە
اثر:
محمدصدیق محمودی (1937-1990)
 2 دقیقه  1072 مشاهده
کوردستان، نیشتمانی خاوێنم
شەو وڕۆژ پێتەوە دەڕاوێنم
خۆشەویستیم کڕیوی، بۆ بایی
پڕ لە گەوهەر کراوە داوێنم
***
بەر بەیانت بەیانی ئیمانە
شەوەزەنگت پەنای ئامانە
تەمی شاخانی ڕەش لە داخانت
مەتەڵۆکەی ژیانی کوردانە
***
نیشتمان چاوەکانی قەندیلت
دەگرین بۆکوڕانی وا دیلت...
کە تۆ کەوتووی وەها، توانایان
نیە دەستێ بنێنە ژێر پیلت
***
لەندە گوێی گرتووە لە بن ئاسمان
دەڵێ پەریان دەکەن لەوێ باسمان
کوردەکان ڕاپەڕن ئەگەر ئەمچەل
پشتیوانە خودای هەموو ئاسمان
***
ئاگری، کێوی تاسە تاساوت
ئاگریی ئاگرین وداماوت
بانگ ئەکا لێت کە بەرز ئەبێ ڕۆژێ
وەک بڵێسەی دەروونی من ناوت
***
لە چیای کوێستانی زەنوێرت
خوڕەی ئاوی خوڕینک وهەڵدیرت
هان ئەدەن بۆ خەبات و تێکۆشان
لاوەکانی بوێر و نەبوێرت
***
کوڕە کوردیکی بێتە مەیدانێ
سەر لە پێناوی نیشتمان دانێ...
زیندووە هەر لە یادی مێژوودا
بیری کەس مەیلی ئەو کوڕە نانێ
***
خەفەت وداخە ئاو گڵی شیعرم
پڕگڕە بۆیە وا دڵی شیعرم
نیشتمانم، فیدات منی شاعیر
پێشکەشی تۆی دەکەم گوڵی شیعرم