دڵت مەگۆڕە

از کتاب:
وەنەوشە
اثر:
محمدصدیق محمودی (1937-1990)
 2 دقیقه  1088 مشاهده
ئەی دڵبەری شۆخ و شەنگ و ژیرم
تاڵانکەری هۆش و هەست و بیرم
کوانێ گوڵی من لەتاوی تۆیە
وا زامی دڵم بە تاو و تۆیە
تا دێیەوە بیر دڵۆپی چاوم
دەتکێ لە دڵم دڵی شکاوم
هی تینی ئەوینە دڵ گڕینە
چاو ڕێژەری سەد گرێی گرینە
دڵدارە هەژار و دووری ژارە
هەر ژارە بەشی کەسی هەژارە
گەرچی بە تەمەن بەهارە وەختم
ئەمما ڕەش و لەش بەبارە بەختم
بێ وەی کە بگاتە گۆڕ خەزانم
نیزیکە دەمی لە گۆڕ خزانم
مرواریی چەمم لە گۆنە دەخشێ
ساکاریی ژیانی پێ دەنەخشێ
چەخماخە ئەدا بزەم کە جارێ
بۆهەوری ڕقت بەخوڕ دەبارێ؟
تۆ و کەزیەیی کاڵ وزوڵفی خاوت
پڕشنگی بەتینی مەستی چاوت
هەرگیز بە بزەم دڵت مەگۆڕە
چۆن چەپکە گوڵێکی بانی گۆڕە
تۆ خوا وەرەوە دەسا گوڵی گەش
بۆ تۆی گوڵە ئاوەڵایە باوەش
ئازاری لە تۆبڕانە هۆیە
جەرگم کە برینی وا لە سۆیە
ئەم خۆشییە ئاخۆ دێتە ڕێمان
بشکێنێ تەلیسمی دڵ بڕی مان...
ماچی لە دەمت کە بەندی سپڵە
پێم بەخشی بە کوێری چاوی سپڵە
ماڵ و دڵ و گیان و مان و ژینم
قوربانی ئەتۆ دەکەم ئەوینم
هەرچی هەمە با بچێ بە تاڵان
بۆ داخی گرانی ژین بەتاڵان