چاوەکەم سا بەسیەتی بەس مەجلیس ئارایی بکە

از کتاب:
دیوانی کەمالی
اثر:
کمالی (1886-1974)
 1 دقیقه  382 مشاهده
چاوەکەم سا بەسیەتی بەس مەجلیس ئارایی بکە
بەس لەگەڵ ئەم خەڵکە هاتوچوونی خۆڕایی بکە
غەیری سەر ئێشە هەتا ئێستا کە چیت دەست کەوتووە
با سەرت سووک بێ لەمەولا مەیلی تەنیایی بکە
چەشنی یووسف تۆ بچۆ ناو بیریەوە، ببیە غەریق
یا بچۆرە ئاسمان تەنیا مەسیحایی بکە
سەگ هەمیشە خزمەتی سەییادی زاڵم زۆر ئەکا
تۆش بەسە، بەس خزمەتی زاڵم بە ئازایی بکە
کونجی بێ ڕەنجی قەناعەت پڕ لە گەنجی گەوهەرە
دەست بە سەریا بگرە بۆ خۆت هەر شەهەنشایی بکە
قافڵە ڕۆیشت و مەنزڵ دوورە، ڕێگا پڕ خەتەر
بۆ سەفەر خێرا کە توێشوویێ پەرێزایی بکە