دیسان فەلەک ئەم داخە چ بوو نای بە جگەردا

شیوەن بۆ ئەحمەد موختار بەگی عوسمان پاشای جاف
از کتاب:
دیوانی کەمالی
اثر:
کمالی (1886-1974)
 2 دقیقه  739 مشاهده
دیسان فەلەک ئەم داخە چ بوو نای بە جگەردا
ئەم ئاگرە چی بوو لە دڵی عالەمی بەردا؟
دیسان چییە ئەم شۆرە لە ناو میللەتی کوردا
عالەم هەموو غەرقە لە قوڕ و شین و چەمەردا
من دیومەلەخاک دێتە دەرێ گوڵ بە بەهاران
بۆ چی گوڵی من ماتە؟ لە ژێری گڵ و بەردا
هەنگامی خەزان فەسڵ و دەمی کۆچی گوڵانە
بەم فەسڵی بەهارە گوڵی من وا لە سەفەردا
ئەو خوسرەوە وا حاتەمی تەی بوو بەسەخاوەت
ئەو ڕۆستەمە واشێری ژیان بوو لە نەبەردا
سەیری کە چلۆن چەرخی فەلەک دەربەدەری کرد
کوژرا بە غەریبی لە کەژ و کێوی نەوەراعلامدا
زانیم کە کوسووفی ئەبێ ڕۆژی هەموو جافان
من ئەو شەوە گەردوون کە خوسووفی بە قەمەر دا
ئەی سەروەری عالی نەسەب! ئەی ئەحمەدی موختار
بۆچ خوێنی شەریفت بە هەوادا بە هەدەر دا!
سەیریکە ئەڵێی خوێنی ڕژاوی گەشی تۆیە
«سیروانی سروشکم کە ئەکا هاژە لە سەردا»
هەرچەندە کە ڕۆیشتی بەڵام زیکری جەمیلت
ویردی دەمی کوردانە لە شام و لە سەحەردا
ئەو ناوە بڵندەی کە بەجێت هێشتووە بێ شک
ئەینووسێ موئەڕڕیخ لە تەواریخی بەشەردا
نابڕێتەوە خوێنت بووەتە خوێنی سیاوەش
مەنقووشە جەماڵت لە دڵ و فیکر و نەزەردا
تەئریخی وەفاتیم لە خیرەد پرسی وتی پێم:
جێی عەدنە ئەو و ئێمەیی جێ هێشت لە سەقەردا