من نەگۆڕاوم وەک جاران ماوم
من نەگۆڕاوم
از کتاب:
دیوانی کەمالی
اثر:
کمالی (1886-1974)
1 دقیقه
2310 مشاهده
من نەگۆڕاوم وەک جاران ماوم
هێز و هەناوم
لە دەردی دووریت دڵ پڕ زووخاوم
بینایی چاوم
***
شێوەی ڕوخسارت لە دڵ جێگیرە
وەک گوڵ لەگڵدا
بێسەی عەشقت هەر بە تەئسیرە
لە پەڕەی دڵدا
***
عەکسی ڕووت لە ناو بیلبیلەکەی چاو
نەقشە وەک نگین
ناسوڕێتەوە بە فرمێسک و ئاو
شۆخی مەهـ جەبین
***
تا ڕۆژی مەحشەر هەر بەندەی گیانیم
من بێ وەفا نیم
مەحوی شێوەی تۆم نازانم خۆم چیم
بە یادت ئەژیم
***
بە جەوری فەلەک بە دەردی زەمان
بە خوا ئازیز گیان
لە یادم ناچی مەحبووبی دەوران
یەک دەقیقە و ئان
***
لەگەڵ خەفەت و دەردی زەمانە
عەشقت ئازانە
وا زۆران ئەگرێ ئازیز بزانە
ئەی خان مەردانە
***
نایەڵی خەفەت بگرێ موڵکی دڵ...
یاری جەبین گوڵ
ئەمین بە کاتێ کە ئەچمە ژێر گڵ...
هەر ئەڵێم بە کوڵ
***
تۆ وا نەزانیت کە من گۆڕاوم...
وەک جاران ماوم
ئێستاش هەر شێوەت وا لە بەر چاوم...
هێز و هەناوم
***
بە عەشقت ژیام لەسەر ڕووی دونیا...
یاری بەوەفا
ئەوساش هەر عەشقت بۆ بەهەشت ئەمبا
بەرەڵام ناکا