ڕیشۆڵەی هەژار ڕیشۆڵەی هەژار
از کتاب:
دیوانی کەمالی
اثر:
کمالی (1886-1974)
2 دقیقه
555 مشاهده
ڕیشۆڵەی هەژار ڕیشۆڵەی هەژار
مەلی ئێسک سووک ڕیشۆڵەی هەژار
تو خوا بەس بکە ئەم دار و ئەو دار
بەس بگرە سەربان گوێسوانە و پاسار
بەفر گرتوویە ڕووی زەوی و ناوشار
ڕەشایی نییە لە دونیا دیار...
نە دان نە گەنم هیچ دەس ناکەوێ
تۆش برسیت ئەبێ قەزات لێم کەوێ
من دیموکراتیم مەلی هەرزە کار
دانت ئەدەمێ بە بار و تەغار
بە پەڕ و پۆڕی هەروەک پۆڕەوە
بە لەنجە و لار و یاڵە شۆڕەوە
مەوەستە بە بان گوێ پاسارەوە
قونەیەک بکە و وەرە خوارەوە
با بۆت ڕۆ بکەم بە ئارەزوو دان
لە گەنمی سووری وەکوو ئاڵتوون جوان
بە دەنووک جوان جوان بیچنەرەوە
خەم و پەژارەم لە بیر بەرەوە
ئاوت ئەدەمێ بە پیاڵەی بلوور...
لانەت بۆ ئەکەم لە هەیوان و ژوور
گەر ئارەزووت بێ بچیە ناو قەفەس
دڵم حازرە بووە بە قەقنەس
بچۆرە ناو دڵ وەک قەفەس تەنگە
بە خوێنی زامی جەرگم گوڵ ڕەنگە
لە بەفر و باران لەوەیشوومەی با
ناهێڵم هەرگیز ببینی سەرما
گەرم ئەبیتەوە بە شەرارەی دڵ
ئیسراحەت ئەکەی ڕیشۆڵەی سەر چڵ
منیش لە دەس خەم زوو ئەبم ڕزگار
تۆش سەرمات نابێ ڕیشۆڵەی هەژار