چاوی وەک بادامی تۆ عومری بە با دام ئەی پسەر
از کتاب:
دیوانی زێوەر
اثر:
زیور (1875-1948)
1 دقیقه
1041 مشاهده
چاوی وەک بادامی تۆ عومری بە با دام ئەی پسەر
ئاگرت بەردایە خەرمانی وجوودم وەک شەرەر
زوڵمەتی ئابی حەیاتە گیسووانی عەنبەرین
یا وەکوو هالە لەناو خۆی گرتووە شوعلەی قەمەر
دەمبەدەم هەر لەحزە، هەر ساتێ ئەناڵێنم بەجۆش
ئەی خوا سا کەی حەبیبم سەر لە ماڵ بێنێتە دەر؟
سەبر و هۆشم چوو بە تاڵان ئەقڵ و فامیشم نەما
لەشکری دەرد و فیراقت حەملەیان هێنامە سەر
بەس ببارێنە سوروشک ئەی دیدە ڕەنجت بوو عەبەس
بەس بناڵێنە ئەتۆ ئەی دڵ لە یار ناکا ئەسەر
ئیلتیفاتێکی نەماوە گاهگاهێ دڵبەرم
بۆ نەکەم خاکی هەموو دنیا بەسەر، خاکم بەسەر
ئینتیخابی کردووە زێوەرتخلص لە دنیادا یەکێ
دەستی لێ هەڵناگرێ گەر بێتە ڕێی سەد شۆر و شەر