ئاگری قاسپە

از کتاب:
زەبری هۆنراوە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 1 دقیقه  898 مشاهده
کەژی سەختی بەلێشاوی فرمێسکی ئاسمان
ڕوو ژاکاو و پێ شەقار بووی ئاوی چەمی خوڕ
کەژی ماندووی چۆک دادانی هەزار هەزاران
ساڵی پێشووی تەمەنێکی چەشەی خوێن و گڕ
***
ڕەنگ بزرکاو ئەینواڕییە مەرگی زەردەپەڕ
پەلەوەری خاڵی گۆنای ئاسۆیەکی سوور
ئەینواڕییە تەپوتۆزی ڕێچکەی ڕانەمەڕ
چاو لێک نانی بریسکەی چەم دێی بناری دوور
***
لەم کاتەدا کە ئاگری قاسپە قاسپی کەو
لە دۆڵەوە هەڵئەزنا بەرەو لووتکەی شاخ
خەو پژێنی دەست و پەنجەی نەرمونۆڵی شەو
هەر کە جووڵا زرمە هەستا نزیک لێوی باخ
***
کەو پێکرا ڕاوکەری گورج بە سەر بڕین فێر
چەقۆی نایە سەر گەردنی ناسکی پڕ خاڵ
دڵی کەوی چرکەی دواییی زیندەگی ژمێر
دوا ترووسکەی یادی ڕشتە ناو بنێشتە تاڵ
***
کە نواڕییە ڕاوکەرەکە هەر ئەوەی پار بوو
ئەم جارەش یار بە قاسپەی خۆش بەم دەردەی گەیان
بنێشتە تاڵ پار فریای کەوت کاتێ زامدار بوو
بەڵام تازە بنێشت ناگا بە هاواری گیان