نایاب
از کتاب:
زەبری هۆنراوە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
1 دقیقه
746 مشاهده
لە ژوورێکا خنجیلانە
کام شت، نایابە، هی دەگمەن
کام پێخەف و خشڵ جوانە
هەمووی بە ڕێکخراوی هەن
***
لەم ژوورەدا قەترەی ئەسرین
ڕژایە سەر ڕوومەتی پان
ژنی شۆخی دڵ ئاگرین
بەخۆر دەستی کرد بە گریان
***
جوان بوو، کەمەری شل و مل
پووزی وەکوو شووشە وا بوو
سەرسنگ، بەر گەردن، شان و مل
هەموو جوانییەکیان تیا بوو
***
گریا ئەو شۆخە، گریانێ
تەزووی ئەڕشتە ناخی گیان
بەڵێ لەشێ، دڵێ، گیانێ
شەیدا بوون بۆ تامی ژیان
***
لەپڕ قیژانی و بانگی کرد
بۆچی منیان بە تۆ داوە؟
بە پیریت شادیی دڵم مرد
ئەم چاوە ئەم قژە خاوە
***
ئەم لەشە ئەم کوڵمە سوورە
ئەم گەردنەی وەک بلوورە
***
لەبەرچی بمرن بە تەنیا
ئەی دڵ هەتا ماوی بگری
فریشتەی دڵداریی گریا
کە گریا ژنی وەک پەری