زەبر
از کتاب:
زەبری هۆنراوە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
2 دقیقه
1079 مشاهده
لە سنگا دوو سێوی گوڵ بەدەم کاڵ و تورت
گۆی دڵیان بەتیری خورپەی تیژ دائەگرت
وەک قوببەی هەیاسە بێ لەرە و بزوتن
ڕووی دەمیان ئەکردە چەناگە و بەر گەردن
ڕوومەتی گوڵی گەش، لاملی وەک هەتاو
بەژنی ڕێک، ناسکۆڵە، ئەگریجەی زەرد و خاو
کە من دیم خوێنی گەش ئەچۆڕا بۆ سەرسنگ
ئەسووڕا لە لامل ئەگریجەی وەک گزنگ
پێ لەسەر مەچەکی شووشەیی و لەسەر ڕوو
تا ئەو دیو پەردەی گۆشت بە زەبر ڕۆئەچوو
گوڵی دەم بوو بۆوە بە خونچەی نەپشکووت
گەردی سام لە کۆشی پەڕەیا ئەبزووت
گلێنەی ئەوەندە خولی خوارد لە ترسا
تا گیر بوو لە گوشەی چاوی وەک نێرگسا
ئەو کچە، ئەو جوانە، ئەو بەژنە نازدارە
ئەو شەنگە، ئەو گوڵە بێ باخ و بەهارە
کەوتە ناو چڵپاوی پاییزی گوڵ وەرێن
ناو لیتەی تاوان و ناو گۆمی سووری خوێن
وەک بەفری ڕێی ئاسمان خاوێن بوو داوێنی
بەم ڕەنگەش ئابڕووی تکایە ناو خوێنی
کچانی دراوسێ کە وەک ئەو جوان نەبوون
ڕەفتاری پۆخڵیان پۆشیبوو بە ئاڵتوون
دیبوویان هەنگی ماچ ئەو گوڵەی مژی بوو
چنۆکیی دەروونیان لە تاوا تەزیبوو
قاویان دا مناڵی بزێو و هیچ نەزان
لەو کچە بێکەسە وەکوو سەگ ورووکان
خاتوونی کەتنباز کە وەستای کارانە
ئەو کچەی دەرپەڕان بەو بانگی شێوانە
ئەو شەنگە ئەگەرچی دوای ئەوەش هەر ماوە
بەڵام کز، دڵشکاو، گوڵی ڕووی ژاکاوە