تەزووی ئاوازە
از کتاب:
زەبری هۆنراوە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
2 دقیقه
1037 مشاهده
لەناو باخی دڵی منا تەنیا خەزانە
گوڵ ناپشکوێ، بلبل زەبوون، گەڵاڕێزانە
هەور ئەگری، ئاسۆ ڕەشپۆش، ئاسمان غەمگینە
بۆ هەر لایەک گوێ هەڵئەخەم زایەڵە و شینە
ڕۆژێ نەبوو لە خواستی خۆش تاسەم شکابێ
لەناو باخی کامیاریما چاو ترووکا بێ
یا پاناییی ئاسمانی دڵ یەکسەر ساماڵ بێ
دەشت پاراو و فەرشی بەهار گوڵاڵەی ئاڵ بێ
هەر پاییزە و هەورەگرمە و شریخە و ناڵە
«گەڵاوەرین، شینی بلبل، مەرگی گوڵاڵە»
جەرگی نەغمەی مۆسیقای خۆش، تەزووی ئاوازە
سنگی کۆرپەی وشەی ناسک، هۆنراوەی تازە
دران بەسەر دڕکی خەما بەردی مەینەتی
تام نەچەشتووی قومێ شادیم، دەروون عەزرەتی
تەمەنێکم من بەسەر برد هەمووی مەترسی
تاوێ بەند و دەمێ بێئێش، سەردەمێ برسی
ڕۆژێ نەبوو تەسەلام بێ لە پشوو ئارام
تەمەنێکم پێچایەوە پڕی بوو لە سام
یا لە نوگرە عەزرەتیی بووم بۆ قومێ بەفراو
من و بەرد و هاوڕێکانم جگەر هەڵقرچاو
هەر سەبوون بوو قرچەی گەرما، هەر بیابان بوو
نە چڵی تەڕ، نە گوڵی گەش، نە چیای جوان بوو
یا سەردەمێ ئاوارە و وێڵ جێم چۆڵی و هەرد بوو
دۆشەک زەوی، لێفەم ئاسمان، سەرینم بەرد بوو
ئێستەش تڵپەی تفتی خەفەت دوا قوم ئەنۆشم
هەر بە ڕەشی و تاریکاییی ژیان سەرخۆشم
هاوڕێکانم وەک من شەیدای خاکی وڵات نین
سووتەمەنیی کڵپە و گڕی ڕێگەی خەبات نین
هاوڕێکانم هەر بە دەم هەن...، شەیدای سامانن
دەمێ درۆن، زبرەی دەست و بازووی تاوانن