بۆ ئاگاداری

از کتاب:
زەبری هۆنراوە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 2 دقیقه  545 مشاهده
هۆنراوەکانم هەر بۆ ئافرەت بوون
بۆ خونچەی گوڵ و بۆ جوانیی سروشت
خوێنیان ئەمژی لە بەهرەی دەروون
ڕستی زێڕین و جوانیان دائەڕشت
***
هۆنراوەکانم لەناو دەروونا
بۆ پەڕەی گوڵی وەریو ئەگریان
لە پاییزێکی مات و زەبوونا
لەگەڵ وەیشوومەی زەردا ئەیژیان
***
ئەی چاو ئەی کانیی بەهرەی پێشووی من
ئەی ڕوو ئەی مانگی شەوی جارانم
ئەی ناز ئەی لەرەی شیرینی بەژن
ئەی زەردەخەنەی خەوی جارانم
***
ئەی گوڵ، ئەی چرۆ، ئەی لوتکەی چیا
ئەی کچی جاران گڕی ئاواتم
ئەی کانیی ڕوونی کۆشی سەوزەگیا
ئەی جوانیی کەژ و دەشتی وڵاتم
***
هۆنراوەکانم بوون بە پەروانە
لە دەوری چرای ئێوە پەرەستن
خۆشم بەم چەشنە بووم بە دێوانە
بەڵام ئێوەی بت بەهرە نەویستن
***
گوڵ، گوڵی هەموو دەشت و چیایە
هەستی نیانی و ژاکان نازانێ
هەرچی ناسکی و ڕەنگینی تیایە
ئەیبەخشێ بە گشت نەک پەنجەی جوانێ
***
کچیش دڵداری هەر چەند بەتین بێ
هێشتا هەر شەیدای زێڕ و سامانە
خۆشەویستییەکەی چەند ئاگرین بێ
ئەیگۆڕێتەوە بە یەک گەردانە
***
کوردستانیشم کە من شاعیریم
لێم نەدەی لەگەڵ منا نیان بێ
من کە فرمێسکی هۆنراوە ئەگریم
ڕۆژێ نەمدیوە بۆم میهرەبان بێ
***
بەڵێن بێ ئەی کچ، بەڵێن بێ ئەی گوڵ
ئەی دەشت و دەر و چیای کوردستان
من جارێکی تر، نە بە دەم نە دڵ
بۆ ئێوە نەڵێم هۆنراوەی جوان جوان
***
تەنیا هۆنراوە ئەڵێم بۆ هەژار
هەر لەگەڵ ئێوەم ئەی هەژارینە
تەنیا هۆنراوە ئەڵێم بۆ هەژار
هەژار هەوێنی شیعری خوێنینە