زەردەخەنە
از کتاب:
دیاری
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
2 دقیقه
1182 مشاهده
لەناو باخی دڵی گەرما
لە ئاسۆی دەروونی نەرما
بووی بە فریشتەی نازەنین
گوڵاڵەسوورەی گەش، شیرین
لە کۆشی خەیاڵما هەرگیز
ئاوات بووی ئەی کچی ئازیز
لە ئاسمانی یادما بە شەو
ئەبووی بە تریفەی مانگەشەو
لەگەڵ شەماڵی پێدەشتا
یا بای بزێو لەگەڵ وەشتا
دڵی من ئەفڕی دۆڵا و دۆڵ
ئەیبڕی شەخەڵ دەشتی چۆڵ
بۆ ناو باخی دڵداری گەش
تا ئارام بگرێتە باوەش
هەنسکی چاوەنواڕیمت
ڕازی وردی دڵداریمت
کرد بە بەستە بە ئاوازە
بە نەغمەی شیرین و تازە
لانکەت لە دڵما دانابوو
کەچی لەپڕ ڕۆژانی زوو
ئاوا بەسەر چوو وەکوو خەو
ڕۆژی دڵداریت کرد بە شەو
دەک شەرمەزار بی شۆخ و شەنگ
لەپڕ لەناکاو بە بێدەنگ!
گوڵی هیوام کاتێ وەری
لە جیاتی ئەوەی بۆی بگری
لەسەر ڕووی ئەو گوڵە نەرمە
کردت بە ئاهەنگ بە نەغمە
شەرمەزار بی هی دڵت، دڵ
ڕۆژانی، ڕابوردووی بە کوڵ
بەڵێنی جاران.. کەنیشکە
دەک هەر خەم بۆت بێ بە بێشکە
ئەرێ بۆ وازت لێ هێنام؟!
ئەی کچی جوان، کچی نەفام!
تەلار؟ یا پارە؟ بڵێم زەڕ؟
زڕەی گوێچکەی تۆ بکا کەڕ
ناو؟.. کام ناو؟! هی دەوڵەمەندی
بەڵێ، بەمانەوە... بەندی
نەمناسیبووی؟! ببوورە لێم
لۆمەت ناکەم، ڕووت لێنانێم
ببوورە! نەمزانی سامان
بۆتە هیوای تۆ... کچی جوان
ناوت نایەنم... تۆ وەک گوڵ
ئەورێیتە ناو خاک و گڵ
ناگریم..! تۆ بگری بەسزمان
پەنا بەرە بەر ئەشک و ژان
ئەوسا لەسەر پارەی مردوو
بگری خۆزگەت بە ڕابوردوو
بڵێ خۆزگەم بەو دڵەی زوو
بەو ژیانەی لە کیسم چوو
زەردەخەنەکەت، بێ گومان
ئەڕژێتە ناو خوڕی گریان
ئەتوێتەوە ناو ئەشکی سوور
نامبینیت مەگەر هەر لە دوور
نایبیستی نەغمەی ڕازەکەم
بەستەی شیرین ئاوازەکەم
بڕۆ بۆ ژووری ئاوێنە
وەک تیمسالێک خۆت بنوێنە
تیمسالی مەڕمەڕی بێ گیان
ئەی قوربانیی ساردی ژیان
منیش وەک پەپوولەی پاییز
ئەگەڕێم بۆ خونچەی ئازیز
بۆ دڵێک من نەوەک ئاڵتوون
بگرێتە دڵ ناخی دەروون