جارانم

از کتاب:
دیاری
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 1 دقیقه  1053 مشاهده
جاران دڵم بە مەئیووسی
دێڕی خەفەتی ئەنووسی
تەرمی زەوقم سست ئەگەڕا
کڵپەی پەژارەم ئەگڕا
جاران هەستم تەماوی بوو
هەرچیم ئەوت خەماوی بوو
لە دەشتی ناسۆریما، هەر
ئەگەڕام وێڵ و دەربەدەر
ئەموت ئاخ بۆ شارەزایە
زاممی ساڕێژ بکردایە
نە گوڵ بەو ڕەنگە جوانەوە
نە چڵ بەو چرۆیانەوە
نە مۆسیقای شەماڵ هاوین
نە هاژەی ئاوی کەف زیوین
نە جریوەی مەلی سەر چڵ
نە غەمزەی کچی ڕوومەت گوڵ
ساڕێژیان نەکرد زامی من
برینی جەرگێکی کون کون
تا پەنجەی تۆ، پەنجەی نەرم
ساڕێژی کرد زامی گەرم
تۆ ئەڵێم خوای خۆشەویستی
کە سەرچاوەی شادی و هەستی
ئەی خۆشەویستیی نیشتمان
تۆ بووی منت کرد شادمان
ئەی گیانەکەم کە تۆم ناسی
ئیتر نەژیام بە کەساسی