پیانۆ

از کتاب:
ئاوات و ڕەنج
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 1 دقیقه  1168 مشاهده
لە تیشکی کوڵم و گەردنی
بریسکەی خونچەی ئاڵی دەم
هۆنراوەی جوانم بۆ چنی
بۆم پێچا بە تاڵی پەرچەم
***
لەسەر پیانۆی خەندەی بەکوڵ
بە پەنجەی ئاگرینی کام
بۆ کۆرپەلەی ئارامی دڵ
ئاوازم لێ ئەدا بەتام
***
ئەستێرەم ئەدا لە قژی
مانگم ئەکرد بە تاس کڵاو
تریفەی سنگیم ئەمژی
بە لێوی هەستی پڕ گوڵاو
***
بە شنەی نیانی شەماڵ
کاتێ پرچیم ئەکرد شانە
هەستم بۆ شەوقی کوڵمی ئاڵ
یەکسەر ئەبوو بە پەروانە
***
شەرمی ئەڕشتە سەر ڕوومەت
چاوی بەنازی لێک ئەنا
تەزووی دڵداریی بەلەززەت
بە ناو دڵما هەڵئەزنا
***
بەڵام ژینم وەک شەوێ بێ
لەناکاوا بڕایەوە
ئەو خۆشییەم وەک خەوێ بێ
لە ئەشکی چاوا توایەوە
***
جریوەی مەلێ بوو نەما
یا شەقەی باڵی هوزارێ
تیشکێ بوو ون بوو لە تەما
«شۆخێ ناسکێ نازدارێ»