باخەکەم

از کتاب:
ئاوات و ڕەنج
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 1 دقیقه  1030 مشاهده
شیعرەکانم چەپکێ وشەن
تیا نییە سەیر یا دەگمەن
بەڵام دڵی پەرۆشی من
بۆ دێڕێ شیعر داڕشتن
ئەگەڕێ نزارە و نزار
دەشت و چەم و باخ و گوڵزار
تا لە نزیک تاڤگە ئاوا
لە شەپۆلی خۆرەتاوا
ئەبێ بە دڵۆپێک ئاورنگ
ئەچێتە ناو دەریای گزنگ
لە سەر کەناری کەلی شین
ئەنۆشێ هۆنراوەی شیرین
یا ئەبێ بە شەوبۆ بە گوڵ
ئەچێتە ناو کۆشی چقڵ
تا سروەی شەماڵی نیان
بۆی بڵێ نەغمەی شیعری جوان
لە قەترەی فرمێسکی چاوا
لەناو جۆگەلەی خوێناوا
لەم شوێنانەدا دڵەکەم
دێنێت شیعرە بە کوڵەکەم
باخی ئاو ئەدەم بە خوێناو
کەچی خۆم نابینم بە چاو