ئاگر و هەنگوین

از کتاب:
گوڵ ئەستێرە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 1 دقیقه  747 مشاهده
نوێنت ئەگری بۆ تەنیایی
سنگت ئاگرە، هەنگوینە
ژینی ئاڵۆز بەخۆڕایی
کوشتی ئەو سنگە شیرینە
***
ئەم کوڵمە جوانە ئەم بەژنە
بەتەنیا پەیکەری عاجن
ئەگەر بژین هەر بەم چەشنە
ئەو نەخشە وردانە ئەمرن
***
دەسیان لە ملی شەنگایە
کەچی تانە لە تۆ ئەدەن
دڵیان وا لە ئاهەنگایە
ئاواش لە گیانی تۆ ئەکەن
***
ئەزانم دەماری لەشت
وەک دەماری پڕ بارووتن
خۆ کچی جوان چاوی گەشت
پشکۆی ئاگرێکی ڕووتن
***
بەڵام بیری باخەوانت
کۆنە وەک چیرۆکی جاران
شوو بۆ دڵی پڕ لە ژانت
لای ئەو ملکەچییە ئەی جوان
***
دەک کوێرایی بیرێ دایە
کە تۆی ئاوا بەستۆتەوە
خۆشیی کام شت ناڕەوایە
دەروازەی بۆ کردۆتەوە