جیمی وڵسن

چیرۆکی شانۆ
از کتاب:
گوڵ ئەستێرە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 3 دقیقه  1087 مشاهده
حاکم:
موتتەهەم بێ جیمی وڵسن
بانگکەر:
جیمی وڵسن
حاکم:
ناوت چییە؟
-:
جیمی وڵسن
پەروەردەی خەم، سزا چەشتن
هەژارێکی مەچەک ئاسن
حاکم:
تەمەنت؟
-:
پەنجا ساڵ ئەبێ
حاکم:
ئیشت؟
-:
دەربەدەر و بێ جێ
کارگەرم ڕۆژانەم جنێو
زۆر شەو ئەنووم بێ نان و شێو
دەمێ قاپێوانم لە شار
دەمێکیش لە لادێ جوتیار
بۆیاخچیم، لەلەم، گەسکدەر
زۆر لێکراوم دەربەدەر
حاکم:
خەڵکی کوێی تۆ؟
-:
خەڵکی ئێرەم
ئەم خاکەیە وڵاتەکەم
«مدعی گشتی»:
ئەم درنجە گەورە، ڕەشە
کۆمەڵێ تاوان و خەشە
دڵی سیخناخ بووە لە ژان
بەرامبەر پارەدارەکان
ئەمەندە بێفەڕە ئەڵێ
نابێ سپی بە من بڵێ
تۆ نۆکەری وەرە سەرچۆک
بۆ دەوڵەمەندی نیۆیۆرک
ئەڵێ من ڕەنجی شانی خۆم
ئەبێ وەک ئینسان خۆم بیخۆم
ئەڵێ ڕەشیش وەکوو سپی
ئەبێ بە سەربەستی بژی
ئەی دادپەروەر ئەی گەورەی من
ئەمەیە ڕەفتاری وڵسن
ڕۆژێکیش لە شۆخەژنێ
پرشنگی جوانی ئەڕنێ
بە داسی نیگای ژەنگاوی
ئەدا لە پەرچەمی خاوی
جانتاکەشی لێ ئەدزێ
گۆڕ وایە، لەشی داڕزێ
لەبەر ئەوە داوامە من
بیفەوتێنن جیمی وڵسن
حاکم:
بانگی کەن خاتوو جین ڕێسل
بانگکەر:
خاتوو ڕێسل
حاکم:
ناوت چییە؟
-:
گەورەم ڕێسل
حاکم:
تەمەنت؟
-:
پێم ئەڵێن هەژدەم
حاکم:
تۆسقاڵێ ناجووڵێنی دەم؟
چیت دیوە دەریخە بۆمان
لە کردەوەی پڕ لە تاوان
جین ڕێسڵ:
ئەم ڕەشە وای تێ ئەنواڕیم
تیری چاوی سنگی سمیم
پشکۆی سەرنجی ئەنایە
ئەم سەرسنگە بێهاوتایە
نەختێ ڕووتیش بوو بە ڕێکەوت
جار جاریش هەمووی دەرئەکەوت
دوای ئەوەی تێر سەیری کردم
دوو دۆلارەکەشی بردم!!
«مدعی گەشتی»:
گەورەم ئەمە لەناو نەبەن
زیان لە ئەمریکا ئەدەن
حاکم:
تۆ چی ئەڵێی جیمی وڵسن
دەربارەی خۆ ڕزگارکردن
جیمی وڵسن:
من ڕەشم وەکوو شەوەزەنگ
وەک دوکەڵی بۆمبا و تفەنگ
لەناو شەوەزەنگی لەشا
لە قەفەزی سنگی ڕەشا
دڵم مانگێکە وەک ئاڵتوون
تریفەی گەش، دڵگیر و ڕوون
ڕەنگم ڕەشە وەک دڵی تۆ
دڵم گەش وەک تیشکی ئاسۆ
ئەرێ ئێوە دیموکراتین؟
دیموکراتی سەوزە یا شین
ئێوە زەروون بۆ خوێن مژین
کوللەی خەلە و خەرمانی ژین
لەسەر نەزمی «ڕۆک ئاندڕۆڵ»
لەشی هەزار ئەکەن بە خۆڵ
من ئینسانم خەڵکی ئێرەم
ئا ئەمەیە وڵاتەکەم
بۆتان بلوێ دنیا یەکسەر
ئەکەن بە گڕی سووتێنەر
شاری جوانی هێرۆشیما
چیتان لێ نەکرد بە بۆمبا
دڵی دایکی سپی یا ڕەش
ئەنێنە ناو ئاگری گەش
ئنجا تەنەکەی ڕنگکراو
ئەدەن بە دایکی کوڕ کوژراو
مەداڵیایە هی پیاو کوشتن
تا کەی بەم چەشنە خوێن ڕشتن
تا کەی برینی پڕ ئازار
لە کەڵبە و نینۆکی زۆردار
ئەمڕۆ ڕەش و سپی بران
سەربازن بۆ شادی ژیان
ئەمە بوو وتەی دڵی من
پشکۆی نوتقی جیمی وڵسن
حاکم:
مردن... مردن
بڕیار درا جیمی وڵسن
بە کارەبا لەناو بردن
جیمی وڵسن:
بمرێ هێزی ستەمکاری
وەرگەڕێ تەختی زۆرداری
بژی هێزی چینی کارگەر
بژی بە ئازادی بەشەر