لە زیندانەوە

از کتاب:
ئاگر و ژیلە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 1 دقیقه  890 مشاهده
ئاسمان وەکوو کەلەبێژنگ
ئاوات ئەبارێنێ بە چنگ
بە چاوی خەیاڵ دوور «لە دەشت»
کچان ئەبینم دێن بۆ «گەشت»
سەوزەگیایە، گوڵە، هۆزار
قاقایە تریقەی نازدار
یادی ئێوە هاوڕێینە
لە باخی دڵمان شیرینە
***
نوێنەکەم و قوژبنی ژوور
پەنجەرەی بچکۆلانەی سوور
پەرەمێزی دووکەڵاوی
خولیای شێواو و تەماوی
سڵاوتان لێ ئەکەن هەموو
لە ئێوە و لە کێل و مردوو
لە ئێوە و لە گردی سەیوان
لە گزنگ و لە ئەرخەوان
***
ژیانی من هاوڕێینە
وشکە، بێتامە، خەمگینە
ژیانم وەک یەک گۆرانی
بە شەو هەتاکوو بەیانی
بەیانیش تا شەو دێ و درەنگ
کە هاوڕێکان ئەبن بێدەنگ
وەک یەک گۆرانییە و بێتام
وەک بەستەی یەکێکی نەفام
سڵاو لە ئێوە و لە قەڵبەز
لە ئەزمڕ و دیمەنی ڕەز
زیندان ناخۆشە تەنگ و مات
گەرچی «وچانە بۆ خەبات»
بەڵام هەر نوێنە و پەڕۆی خوان
زنجیرەکەم و نەختێ نان
هەزار سڵاو لە خاکەکەم
کە خۆمی بۆ وا لێ ئەکەم