گوڵی وەریو

بۆ حەسەن تۆفیق
از کتاب:
ئاگر و ژیلە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 2 دقیقه  968 مشاهده
هاوڕێم حەسەن...
شێوەی جوانت، هیوا و تاسەت
سنگی گەرمی پڕ هەناسەت
چاوی گەشی ئەستێرەییت
ڕووی ڕووناکی ڕەنگ «پەمەییت»
تاڵی قژی مەیلەو زەردت
زەردەخەنەی ڕووی بێگەردت
بەژنی ڕێک و ئێسکی سووکت
نەخشی ورد، دەمی بچووکت
«هەر زوو لە درەختی ژیان»
«وەرین بۆ ناو قوڵپی گریان»
خەندەت ورشەی پارچەی ئاڵتوون
عومرت وەکوو مەل تێپەڕ بوون
ئەویان لەناو خاکا ڕۆچوو
ئەمیان بە ژینا تێپەڕ بوو
***
برام ئەمەوێ هۆنراوە
بنووسم بۆت بەم خوێناوە: _
بە خوێناوی دڵ، خوێنی چاو
خوێنی سنگی برا کوژراو
بە خوێنی هاوڕێیەکی شەنگ
کە بوو بە نیشانەی تفەنگ
بە خوێنی ئەختەر و بەکر
بنووسم شیعری وەک ئاگر
بەڵام کاغەزەکەم سووتا
چونکە دڵ گڕی تێبەردا
بۆیە هەرچەند ئەکەم شیعرم
ناتوانم جەمسەری بگرم
هاوڕێم بە گەرمی و تامی نان
کە برسی ئەکا پەرێشان
ئەم برینە پڕ لە سوێیە
هی ئەم دڵەم کە توێ توێیە
«نابێ»!! هەرگیز نابێ ساڕێژ
تا نەبینم مەرگی خوێنڕێژ
تۆش بە سوێی ئەو برینەوە
بە دڵێکی غەمگینەوە
جێت هێشتین ئاوارە و ناکام
نەتدی کورد بگا بە مەرام
لەم خاکی کوردستانەدا
لەم شوێنە فراوانەدا!!
ئەم شوێنە هەمیشە سروشت
خوێنە ئارایشتی بەگشت
ڕێگەیان نەدایت لەگەڵمان
بژیت لەگەڵ بزە و گریان
دەریان کردی بۆ شوێنی دوور
جێت هێشت نیشتمانێکی سوور
مردی دوور لە وڵاتی خۆت
بۆیە «زۆر» بەکوڵ ئەگریم بۆت
با لەگەڵ هەورەکەی بەهار
بگرین بۆ کۆچ، کۆچی نازدار
ئاخ تاسەی خۆش، ئاواتی دڵ
هەڵوەرینە ناو جەرگی گڵ
چاوی وەک «چاوەی» پڕ جوانی
کە پڕی بوو لە پەنهانی
دڵ کە نەختێک بوو دەریای ژین
کەیلی «هیوای» خۆش و شیرین
چوونە ژێر خاک ئەبن بە خۆڵ
شەماڵ گەردیان ئەبا بۆ خۆڵ
هاوڕێم حەسەن
نەهاتیتەوە تا هەواڵ
بێنیتەوە بۆ دۆست هەڤاڵ
هەواڵ: «هی هاوڕێکانی من»
کە ئاوارە و دەربەدەرن..،
نەمدیتەوە تا لاشەکەت
هاتەوە لە خاکی غوربەت
ئەی جوانەمەرگ هاوڕێم حەسەن
مردی غەمگین دوو لە وەتەن
ئەی میوانی تازەی سەیوان
ئەی ڕیزە کێل ئەی ئەرخەوان
چۆن بتوانم بە «دڵ» بڵێم
بە شەماڵ و بە «گوڵ» بڵێم!
«کۆچی کرد هەرگیزاوهەرگیز»
نایبینینەوە ڕووی «ئازیز»