میوەی نازدار

از کتاب:
دیاری
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 1 دقیقه  757 مشاهده
کات بەیانی... پرشنگی کاڵ
پەرشی گۆنای گوڵاڵەی ئاڵ
کوڕی شۆخ و شەنگی پێست ڕەش
چەپکێک گوڵ ئەگرێتە باوەش
دێت بۆ لای یاری نازەنین
دوای سکاڵا و ڕازی شیرین
بەڵێن ئەبەستن – بەیانی –
بێنەوە، بۆ باخ و کانی
لەوێ لەگەڵ جریوەدا
تێر تێر لەو چەم و شیوەدا
گۆرانیی خۆش بڵێن هی خۆش
بە بادەی دڵ ببن سەرخۆش!
بەیانی وەک دوێنێ هەردوو
ڕوویان کردە سەر کانی، زوو
شاجوانی ڕەشتاڵەی نازدار
کراسی مۆر، بریسکەدار
وەک گوڵە قەیفەیەکی تەڕ
هات بەرەو ئاو، سێبەری کەڕ
یار لەوێ بوو.. بەڵام لەسەر!!
درەختێکی زڕی، بێ بەر!!
وەکوو میوەیەک سەرەوخوار
هەڵواسرا بوو... لاشەی یار
شوێنێک بووبێت، بە پەرستگە
بۆ دۆلاری خاوەن «کارگە»
تیا بێ نرخە گیانی هەژار
بەتایبەتی «قولی» نازدار!