دڵم هەر ئەو دڵەی جارانە ئێستاکەش ئەناڵێنێ
وڕێنە
از کتاب:
دیوانی ئەخۆل
اثر:
اخول (1911-1988)
1 دقیقه
8008 مشاهده
دڵم هەر ئەو دڵەی جارانە ئێستاکەش ئەناڵێنێ
هەناسەی ساردی ناکامی لە سینەمدا ئەتاسێنێ
ئەگەر جوانیت سەرنجم ڕابکێشێ، مەگرە لێم چونکە
جەماڵت پەیکەری ڤینۆسیاعلام خوای جوانیش ئەجووڵێنێ
پەچەت لادە ببینم ڕووت ئەمن خۆ سەیری تۆ ناکەم
لە ڕووی تۆ تێدەگەم یەزدان چلۆن نەخشی ئەنەخشێنێ
کە تیشکی ڕۆژ ئەدا زاخاوی پرچی زەردی زێڕینت
لەلام قەوس و قەزەح هیچ ڕەونەق و شەوقێکی نامێنێ
بەوەش دڵشاد و خۆشحاڵم کە یادی نائومیدیی خۆم
بەخوڕ ئەشکی لە چاوانا قەتیسماوم ئەبزوێنێ
تەمەن ڕوو بۆ خەزان ئەڕوا کەچی گەردوون ئەوا تازە
لە وێرانەی دڵا تۆوی گوڵی دڵداری ئەڕوێنێ
بە چەشنێ خۆشەویستیی تۆ لە سینە و کەللەما چەسپە
مەگەر جامی ئەجەل ئەو تین و تاوەی لێ هەڵێنجێنێ