چەن جوانی بەڕوو جوانتری بەخوو

سۆزی پیری
از کتاب:
دیوانی ئەخۆل
اثر:
اخول (1911-1988)
 2 دقیقه  787 مشاهده
چەن جوانی بەڕوو جوانتری بەخوو
هەر تۆی لەلای من، لەنجەی لێهاتوو
بەڵام بە من چی پیری دەس لەرزین
ڕێ نادا جارێک بگاتە داوێن
ئینجا بۆ ئەوەی تاسەم بشکێ لێت
تاکوو بزانی من چیم و تۆ کێیت
ئەتڕازێنمەوە وەک بووکی تازە
ڕازاندنەوەیەک بەبێ ئەندازە
لە تیشکی خۆری زێڕینی بەیان
بۆت دەکەم بەرگێک سەرتا بە دامان
کە تیایا دیار بێ جوانیی لەش و لار
چۆن دایڕشتووە دەستی کردگار
لە هەمە چەشنێ گوڵی ڕەنگاوڕەنگ
بۆت دەکەم تاجێک تاجێکی قەشەنگ
بۆت دەکەم باڵێک لە هەوری بەهار
وەک باڵی پەری سپی و ڕەونەقدار
بۆت دەهۆنمەوە بە فرمێسکی سوور
گەردانەیەک بۆ گەردەنی بلوور
ڕووپۆش لە جوانی پەلکەزێڕینە
کە زەرد و سوور و زەرد و نەخشینە
لەژێر پەچەدا ئەو ڕووە جوانە
وەک مانگی چواردە بدا خەرمانە
ئینجا ئەتخەمە ناو چوارچێوەی دڵ
ئەو دڵەی پڕە لە عەشقی بەکوڵ
بۆ ئەوەی وەک بت، خۆم بتپەرەستم
هەتا هەتایە بە گیان و هەستم
بۆت دەڵێم شیعری پڕ ئاوازی خۆش
کە هەموو هەستت بهێنێتە جۆش
بۆت دەڵێم نەغمەی پڕ سۆزی ئەوین
کە وا هەڵقوڵێ لە دڵەی غەمگین
پێشکەشت دەکەم شیرینتر لە گیان
ئەوەندەش ماومە تەمەن لە ژیان
بەڵکوو بێتە جۆش دڵت ڕووم تێکەی
بخەیتە گیانم موچڕکی ئۆخەی
خۆبێی و بمدەیتێ ماچێ لە گەردن
ئەیکەم بە تێشوو بۆ ڕێگەی مردن