خۆ کوشتن
ئیڤان ئیڤانۆڤیچ تۆلکا خۆڤ: گەورەی ماڵ
ئەلکسی ئەلکسیمۆ قیچ موراشکین: دۆستی ئەو
کارەساتەکە لە پێترسبوورگ، لە ماڵی موراشکین، ڕوودەدا.
«هۆدەی کاری موراشکین موبیلەی نەرم و ڕەحەتی لێ دانراوە، موراشکین لە پشت مێزی نووسینوە دانیشتووە. تۆلکاخۆڤ دێتە ژوورەوە. لالەیەکی بلووری چرا، دووچەرخەیەکی منداڵان، سێ قوتوو کڵاو، پریاسکەیەکی گەورە کە لە کڵاوێکەوە پێچراوە، چەند بتڵ بیرە و چەند پریاسکەی بچووکیش بە دەستەوەیە، بە شپرزەیی و سەرلێشێواوی دەڕوانێتە ئەملا و ئەولا. لە سەر کورسییەکی نەرم و ڕەحەت لێی دەکەوێ».
موراشکین:
ئیڤان ئیڤانۆڤیچ حاڵتان چۆنە؟ حەزم کرد چاوم پێتان کەوت. چۆنە وا ڕێتان کەوتووەتە ئێرە؟
تۆلکاخۆڤ «بە هەناسە بڕکەوە».
دۆستی خۆشەویست و میهرەبانم! هاتووم شتێکت لێ داوا بکەم... تکا دەکەم... پیاوەتیم لەگەڵ بکەن دەمانچەیەکم بە خواستنەوە بدەرێ تا بەیانی!
تۆلکاخۆڤ:
دەمانچەت بۆ چییە؟
موراشکین:
کارم پێیەتی... ئاخ! باوەگیان، چۆڕێ ئاوم بدەرێ! دەمانچەم پێ دەوێ... ئەمشەو دەبێ بە لێرەوارێکی تاریکدا بڕۆم... بەشکەم کارەساتێک... تکا دەکەم دەمانچەیەکم بە خواستنەوە بدەرێ.
موراشکین:
ئیڤانۆڤیچ! بۆچی درۆ دەکەی؟ کارت بە لێرەوار چییە؟ وا بزانم نیازێکی شوومت هەیە. لە ڕەنگ و ڕووت وا دەردەکەوێ نەخشەیەکت کێشاوە. چ قەوماوە؟ خۆ نەخۆش نیت؟
تۆلکاخۆڤ:
تاوێک مۆڵەتم بدە! وازم لێ بێنە پشووم بێتەوە بەر خۆم. ئاخ! دایە گیان، چەندە شەکەتم! وەزعێکی سەیرم بەسەرهاتووە. دەڵێی لە ناوەوە هەڵم دەکزێنن. ئیتر لە وزەمدا نییە. وەرە پیاوەتی و دۆستایەتیم لەگەڵ بکە. لەوە زیاتر هیچم لێ مەپرسە. زۆری لەسەر مەڕۆ و ئەوەندەی لێ مەکۆڵەرەوە!
موراشکین:
ئیڤانۆڤیچ! بە ڕاستی بۆچی وا پەشۆکاوی؟ بۆچی ئەوەندە ترسنۆکی؟ گەورەی ماڵ، پیاوی دەوڵەت لەسەر کاری گرنگ... عەیبە. شوورەییە!
تۆلکاخۆڤ:
من گەورەی ماڵ نیم! دیل و داماوم! کەری بارکێشان و کۆیلەی قولەڕەشم. کۆیلەم. کابرایەکی بێچارەم. بە هیوای ئەمە دەروویەک بکرێتەوە، ڕزگار بوونی خۆم لە زنجیری دیلی و کۆیلەیی و، نەجات بوونم لەم دنیایە هەموو ڕۆژێ وەدوا دەخەم. من بێکارە و شێت و گەوجم. بۆچی دەژیم؟ ژیانی من کەڵکی چییە؟ «کوتوپڕ ڕادەچڵەکێ» باشە، پێم بڵێ ژیانی من بۆچی چاکە؟ مەبەست لەم هەموو دەرد و مەینەتی بەدەنی و ڕەنج و ئازاری ڕۆحییە چییە؟ من زۆرم پێ خۆشە گیانی خۆم لە پێناوی ئامانجێکی بەرز و مەزن بەخت کەم! بەڵێ، ئامادەم، بەڵام بە هیچ جۆرێ حەز ناکەم لە ڕێگەی شتی بێ نرخی وەکوو: دامانی ژنەکەم، لالەی چرای ماڵەکەم، لە ڕێی-وەکوو دەزانی- شتی تری هیچ و پووچ و بێکەڵکدا خۆم بفەوتێنم. نا! من ئامادەم خوێڕی و ترسنۆک بم، بەڵام کاری گەوجانە وەکوو ئەمە نەکەم. نا! نا! بەسە! ئەوەندە ڕەنجەی کێشاومە بەسە!
موراشکین:
مەنەڕێنە! دراوسێکان گوێیان لە دەنگت دەبێ!
تۆلکاخۆڤ:
وازبێنە با دراوسێکانی تۆش گوێیان لە دەنگم بێ. فەرقی چییە بۆ من؟ ئەگەر تۆ دەمانچەم نەدەیەی، بە یەکێکی تر دەخوازمەوە، ئاخرەکەی ئەم ژیانە مەینەتبار و پڕ لە ئازارەی خۆم دەبڕێمەوە.
من ئیتر بە یەکجاری بڕیاری ئەم کارەم داوە و لێبوومەتەوە.
موراشکین:
ئارام بگرە! سەبرتر قسە بکە! من هێشتا تێنەگەیشتووم ژیانی تۆ چ کەموکورتییەکی هەیە؟
تۆلکاخۆڤ:
چ کەموکورتییەکی هەیە! زۆر باشە! ئێستا ژیانی خۆم کە لە ژیانی سەگ خراپترە، بۆ تۆ باس دەکەم. بەشکم گرێی دڵم بکرێتەوە. با دانیشین! جا ئێستا گوێت لێ بێ! ئاخ! دایە گیان! هەناسەم دەرنایە! بۆ نموونە وەزعی ئەمڕۆکەم سەرنج بدە. تەماشای وەزعی ئەمڕۆکەم بکە! خۆتان دەزانن من دەبێ لە سەعات دەی بەیانییەوە تا چواری پاش نیوەڕۆ لە خەزانەداریی گشتی قەڵەم ڕادەم سەتی بە پووڵێک. هەوای دایرەکە ئەوەندە گەرمە وەختە پیاو بخنکێ. مێشیش ناهێڵێ پیاو هەدا بدات. دەڵێی جەهەننەمە ئەوەندە بێ سەرەوبەرە و ئاڵۆزە. سەرۆکی دایرەکەمان چۆتە حەسانەوە. «خراپۆف» یاریدەدەریشی خەریکە ژن دێنێ و زەماوەند دەکا، نایەتە دایرە. کاربەدەستە بچووکەکان لە وەختی کاری دایرەدا دەردەکەون، بە جادەکانی شارا دەخولێنەوە دوای کچۆڵان دەکەون. هەموویان ئەوەندە خەواڵوو، شەکەت و شپڕێون، تاقە وتەیەکی دروستیان لە دەم دەرنایەت. کابرایەک کارەکانی سەرۆکی دایرە دەکا کە گوێچکەی کەڕە و ئاشقیش بووە. هەموویان سەریان لێشێواوە. تووڕە و جاڕزن بەملاو ئەولادا ڕادەکەن. قوولە و هەرایەکی سەیرە، پیاو گوێی لە قسەی خۆشی نابێ.
هۆدەکان پڕ لە دووکەڵ. کارەکەی منیش لە وزە بەدەرە و پیاو پێوەی دەمرێ. هەمیشە دەبێ تاقە کارێک بکەم، هەمیشە کارێک... دەبێ یا ئەو نامانەی ئەوانی تر نووسیویانە دروست و ڕێکوپێک بکەم، یا وەڵامی ئەو نامانە بنووسم کە گەیشتوون. دیسان نامە ڕاست کەمەوە و وەڵامی نامە بنووسمەوە... کاری من وەکوو شەپۆلی دەریا یەک چەشنە. چاوی پیاو دەردێ. نەختێ ئاوم بدەرێ! ماندوو و مردوو لە دایرە دەردەکەوم. ئارەزوومە نانەکەم زەقنەمووت کەم و بخەوم، بەڵام بۆچی بۆم دەکرێ؟ کوتووپڕ بیرم دەکەوێتەوە ماڵم لە دەرەوەی شارە، یانی نۆکەر و کۆیلەی ئەم و ئەوم. تەنیا پلە گۆشتێکی شل و ولم. شل و شەکەت تازە دەبێ بۆ جێبەجێ کردنی ئەو کارانەی پێم سپێردراون بە ناو شاردا بگەڕێم. لەو گەڕەکەی کە ئێمە ماڵمان لێیەتی عادەتێکی باش هەیە. کاتێک پیاوێک دەچێتە شار، هەر کامێک لە ژنە نەگبەتەکانی ئەوێ... ئێستا پیاو ژنی خۆی قەیناکا، دەستەڵاتی هەیە، هەقی هەی هێندێ وردە فەرمایشت بکا، «سۆنیا» ی بچکۆلەش جووتێ کەوشی دەوێ لەو نموونەیەی داویە پێم، نرخیشی نابێ لە بیست کەپێک زیاتر بێ... سەربر کە تا سیایی ئەو شتانەی کە ئەمڕۆ دەبێ بیانکڕم بۆت بخوێنمەوە! «سیاییەک لە گیرفان دەردێنێ و دەیخوێنێتەوە» لالەیەکی چرا، نیو کیلۆ گۆشتی بەراز، بایی پێنج کەپێک مێخەک و دارچینی، ڕۆن گەرچەک بۆ «میشا»، پێنج کیلۆ شەکر، ئاسیدفنیک، بایی دە کەپێک تۆزی جانەوەر کوژ، بیست شووشە بیرە، سرکە... ئەم شتانەش دەبێ لە ماڵەوە بێنم بۆ شار: شەکردانی مس، خاچی خانم «شانسۆ» کە ژمارەی خانووەکەی هەشتا و دووە... ئاخ! پاڵتۆی زستانی و کاڵۆشی میشاش دەبێ بەرمەوە تا ئێرە ئەسپاردەی ژنەکەم بوو. دەبێ فەرمانی دۆستان و دراوسێ خۆشەویستەکانیش جێبەجێ بکەم. مەرگیان بێ! سبەینێ ڕۆژی جێژنی لەدایکبوونی «ڤالۆدیا ڤڵاسین» ە. دەبێ دوو چەرخەیەکی منداڵانە بکڕم. ژنی مێجەر «ڤیزۆخین» ئاوسە. دەبێ هەموو ڕۆژێ بچمە ماڵی مامان خەبەری ژنی مێجەری بۆ بەرم. پێنج سیایی درێژ و باڵابەرز لە گیرفانمدایە. دەستەسڕەکەم هەمووی گرێ دراوە. کاکی خۆم کە دایرە چۆڵ دەبێ، تا قەتار دەکەوێتە ڕێ وەکوو سەگی دەرزی خواردوو دەهاژێم و بە ناو شاردا دەخولێمەوە و، هەمیشە لەعنەت لەم ژیانە دەکەم. لە دووکانی کوتاڵ فرۆشەوە بۆ دەرمانخانە، لە دەرمانخانەوە بۆ دووکانی بەرگدوورەوە بۆ دوکانی قەساب دەچم. دیسان دەگەڕێمەوە بۆ دەرمانخانە. لە جێیەک لاقم دەخلیسکێ و ڕەت دەبم. لە جێگایەکی دیکە پارەم لێ ون دەبێ. لە جێگایەکیش لە بیرم دەچێ پارەی ئەم شتومەکە بدەم کە کڕیومە، دووکاندار بە دوامدا ڕادەکا و لە ناوەڕاستی جادە دەیکاتە هەرا و هوریا. لە جێگایەکی تر پێ لە جلوبەرگی ئافرەتێک دەنێم... ئاخ ئەوەندە ماندوو و شەکەت دەبم هەموو ئێسقانەکانم ژان دەکەن. شەو یا لەبەر ژان و ئێش خەوم لێ ناکەوێ، یا لە خەودا دێو و ڕەنج و مێردزمە سوارم دەبن... باشە! تەواوی ئەو کەلوپەلانە دەکڕم، بەڵام نازانم چۆنیان بپێچمەوە؟
بۆ نموونە: شەکردانی مسی قورس چۆن دەبێ لە تەنیشت لالەی چراوە دانرێ؟ یان ئاسیدفنیک و چای لەگەڵ یەک بپێچرێنەوە؟ ئەم کارانە کاری حەزرەتی فیلن. هەموویان معەمما و مەتەڵن، پیاو گێژ و وڕ دەکەن. هەر فڕوفێڵێک بکەی و هەر کەڵەکێک لێدەی ئاخرەکەی لەم سەفەرە دوورەدا یەک دوویەک لەوانە دەشکێن یا ون دەبن. لە وێستگە و لە قەتاریشدا دەبێ ئەم شتومەکانە بە باوەشمەوە گرم و ڕاوەستێنم. چەناگەم بنێمە سەریان تا هیچیان نەکەون. پریاسکەکان و قوتووە مقەباکان و خرت و پرتەکانی دیکەش هەموویانبە دەوری لەشما شۆڕ دەبنەوە، قەتار دەکەوێتە ڕێ، ڕێبوارەکان بارگە و بنەی من فڕێ دەدەنە ئەملا و ئەولا و دەڵێن: ئاغا بۆچی کەلوپەلەکەت کە بەم حاڵەوە لە قەتارەکە داتدەبەزێنن. منی چارەڕەشیش هیچم پێ ناکرێ. دۆش دادەبەم و بێدەنگ دەوێستم و، وەکوو کەری بریندار لووت دادەژەنم. باشە ئێستا گوێت لە باقی بەسەرهاتەکە بێ! ئاخرەکەی بە هەر مەینەت و کولەمەرگییەک بێ خۆم دەگەیەنمە ماڵەوە. هەڵبەت ڕەوا دەبینی کە دوای جێبەجێ کردنی ئەم کارە خێرانە پێویستم بە شەربەتێکی خۆش و خواردنێکی بەلەزەت هەیە، وانییە؟ بەڵام حەیف و داخ ئەم جۆرە شتە لە ئارادا نییە! ژنەکەم کە ماوەیەک چاوەڕوانی من بووە هێشتا من دەستم نەکردووە بە نان خواردن بەرۆکم دەگرێ، دوای ئەو هەموو ماندووییە دەبێ بیبەمە تیاتر یا کۆڕی دانس و سەما وە هیچ عوزر و بیانوویەکی بە گوێدا ناچێ. ئاخر من مێردم. لە قامووسی ژنیشدا مێرد بە مەعنای حەیوانێکی بەستەزمانە. لەبەرئەوەش کە کۆمەڵی پارێزگاریی حەیوانات لەسەری ناکاتەوە، گوێ ناداتە ئەو زوڵم و زۆرەی لێی دەکرێ، ئەوەندە حەز دەکا باری دەکا. کەوایە دەبێ بێ لامجوومی بچمە تیاتر و، شانۆی «ڕیسوایی خێزانی» یا هەر شانۆیەکی بێتامی دیکە تەماشا بکەم. هەر کاتێ ژنەکەم فەرمانی دا دەبێ چەپڵە لێبدەم. ئیتر وردە وردە حاڵم خراپتر دەبێ و هەموو تاوێک مەرگی خۆم بە ئاوات دەخوازم. ئەگەر بچینە کۆڕی ڕەقس و سەما دەبێ هاوڕەقسێک، یا بە زاراوەی ئەمڕۆ «شوالیە» یەک، بۆ ژنەکەم پەیداکەم. ئەگەر کەس نەبوو لەگەڵی بڕەقسێ دەبێ خۆم لەگەڵی بڕەقسم. بەم جۆرە بەشێک لە شەو ڕادەبرێ، لە کۆڕی ڕەقس دەگەڕێینەوە ماڵەوە. ئیتر هێز و توانام تێدا نامێنێ، وەکوو پلەگۆشتێکی شل و ول و بێکەڵک لێی دەکەوم. ئاخری دوای چەند سەعات دەگەمە ئەو شتەی کە بە ئاواتییەوە بووم. جلەکانم دادەکەنم و لە جێگاکەمدا ڕادەکشێم. بە ڕاستی ئیتر وەزع زۆر باشە! ئیتر دەتوانم چاوم بنووقێنم و بخەوم... هەموو شتێک جوان و گەرم و شاعیرانەیە. منداڵم نییە. لەودیوی دیوارەکەوە واقەواقی بێ، لە دەست ژنەکەم ڕزگارم بووە. ویژدانم ئاسوودەیە. ئیتر چیم دەوێ... چاوم دەچێتە خەو... لە ناکاو وزەوز لە پەنا گوێم دەست پێدەکا!... مێشوولە! «لە جێی ڕادەپەڕێ» مێشوولە! لەعنەتیان لێبێ! مێشوولە! «دەستی ڕادەوەشێنێ» مێشوولە! ئەمانە وەک تاعوون وان! لە جەزرەبە و ئازاری سەردەمی پشکنینی بیروڕا خرابترن! وزز... وزز! دەنگیان ئەوەندە کزڵۆکەیە و بە جۆرێکی وا دەکڕووزێتەوە، دەڵێی دەپاڕێنەوە تا پیاو لێیان ببوورێ. بەڵام وا بە پیاوەوە دەدەن دەبێ سەعاتێک هەر خۆت بخورێنی. ناچار لە جێگاکەم هەڵدەستم، جگەرەیەک دادەگیرسێنم، مێشوولەکان لە خۆم دەردەکەم، سەرتاپای خۆم دادەپۆشم، بەڵام فایدەی نییە! ئاخرەکەی دەست لە کێش و مەکێش هەڵدەگرم و لەشم بۆ پێوەدانی مێشوولەکان بەرەڵڵا دەکەم. هێشتا لەشم بە پێوەدانی مێشوولەکان ڕانەهاتووە بەڵایەکی تازەم بۆ پەیدا دەبێ. ژنەکەم لە قاتی خوارەوە لەگەڵ هەڤاڵەکەی کە دەنگێکی ناخۆشی هەیە بە یەکەوە دەست دەکەن بە گۆرانی کوتنی دڵداری، بە ڕۆژ دەخەون و بە شەو خۆیان بۆ هاوبەشیکردن لە کۆنسێرتی ئاماتۆڕەکاندا ئامادە دەکەن. ئاخ! خودایە! دەنگە کڕەکەی ئەو کابرا زەبەلاح و چەمووشە، ڕەنج و ئازارێکە کە پێوەدانی هیچ مێشوولەیەکی سەرزەوی بە قەدرایی ئەوە ناخۆش نییە.«گۆرانی دەڵێ»:
«بە من مەڵێ کە جوانیم تۆی چارەڕەش کردووە»
«لە بەرامبەر تۆدا وەکوو جادوو لێکراو ڕاوێستاوم»
ئاخ! چ شێعرێکی گەوجانەیە! وەختە لە داخیان بمرم! دەستم بە گوێچکەوە دەگرم تا دەنگیان نەبیسم. ئەم وەزعە تا سەعات چوار درێژە دەکێشێ. ئاخ! نەختێ ئاوم بدەرێ... ئیتر ناتوانم... باشە! دوای ئەوە کە بە درێژایی شەو نەخەوتووم سەعات شەشی بەیانی لە جێگاکەم ڕاست دەبمەوە و دەچم بۆ وێستگەی قەتار. بۆ ئەوەی لە وەختی خۆیدا بگەمە قەتار، بە درێژایی ڕێگا ڕادەکەم. جادەکە قوڕ و چڵپاوە. هەوا ساردە. تەم و مژ هەموو جێگایەکی داگرتووە. کە دەگەمەوە شار دیسان سەرلەنوێ دەست دەکەمەوە بەو وەزعە لەعنەتییە. برالە! ئەمە چ ژیانێکی تاڵ و نالەبارە! خودا ئەم ژیانە بە نەسیبی گورگی کەژ و کێویش نەکا! تێدەگەی! ئیتر نەخۆشم. هەناسەبڕکە و دڵەتەپەم گرتووە. هەمیشە ترسی شتێکم لە دڵدایە، خواردنم بۆ هەزم ناکرێ. سەرم لە گێژەوە دێ. بە تەواوەتی خەریکم شێت دەبم... «دەڕوانێتە دەوروپشتی خۆی» بە ڕاستی لە ناو خۆمان دەرنەچێ دەمەوێ بچمە لای «چۆخۆنتی» یا «مژریڤسکی» حەکیمی نەخۆشی عەقڵی: برالە! دەڵێی شەیتان هاتووەتە لەشمەوە. کاتی ڕەنج و ناهومێدی، کاتێ مێشوولەکان پێمەوە دەدەن، یا ئەو ملهوڕە زەبەلاحە بەو دەنگە گڕەیەوە گۆرانی دەڵێ، بە جارێ تارمایی بەری چاوم دەگرێ. لە جێگای خۆم ڕادەپەڕم و، وەکوو شێت بە دەوری خانووکەدا ڕادەکەم و دەنەڕێنم: «من خوێنم دەوێ! خوێن!» ڕاستەکەشی ئەوەیە لەو کاتەدا ئارەزوو دەکەم کەسێکم گیر کەوێ چەقۆیەک بکەم بە زگیدا، یا کورسییەک هەڵگرم و بیکێشم بە سەریدا. ژیان لە خانووی کوێستاندا ئاخرەکەی دەگاتە ئەمە! هیچ کەس زگی پێم ناسووتێ. هەمووان لایان وایە وەزع هەر دەبێ وابێ کە هەیە. هەرکەسێ باسی ژیانی من دەبیسێ گاڵتەم پێدەکات و پێم پێدەکەنێ. ئاخر خۆ منیش شتێکی زیندووم و دەمەوێ بژیم. ژیانی من تیتاڵی و گەپجاڕ نییە. دڵسووتێن و تراژیدییە. ئێوە ئەگەر دەمانچەم نادەنێ بە لانی کەمەوە هاودەردیم لەگەڵ بکەن!
موراشکین:
هاودەردی دەکەین
تۆلکاخۆڤ:
هاودەردی ئێوەم بە بەرچاوەوەیە. خوا حافیز. ئێستا دەبێ لە پێشدا نەختێ ماسی و سۆسیسۆن و...
تۆزێ ددان بکڕم و پاشان بڕۆم بۆ وێستگە.
موراشکین:
ماڵتان لە کوێیە؟
تۆلکاخۆڤ:
لە ڕۆخی چەمی «کاریۆن».
موراشکین «بە شادییەوە».
بە ڕاستتە؟ کەواتە دەبێ «ئۆلگا پاڤلۆڤناڤین» کە ماڵی لەوێیە بیناسێ!
تۆلکاخۆڤ:
دەیناسم تەنانەت هاتوچۆی ماڵیشمان دەکات.
موراشکین:
چەند باش بوو! چەند چاک و بە جێیە! کەواتە چاک و پیاوەتییەک بکە و...
تۆلکاخۆڤ:
چ بکەم؟
موراشکین:
دۆستی خۆشەویست! کارێکی بچووکم بۆ جێبەجێ بکە! بەڵام بەڵێنم بدەرێ کە ئەم کارەم هەر بۆ جێبەجێ دەکەی.
تۆلکاخۆڤ: چ کارێکت بۆ بکەم؟
موراشکین: بە ڕاستی بە جێبەجێ کردنی ئەم کارە پیاوەتییەکی گەورەم لەگەڵ دەکەی. برا گیان! تکات لێ دەکەم هەوەڵ، سڵاوی گەرمی من بە «ئۆلگا پاڤلۆڤنا» بگەیەنە. دووەم دەمەوێ بە تۆدا بەستەیەکی بچووکی بۆ بنێرم. داوای لە من کردووە ماشینێکی بەرگدروونی بۆ بکڕم، بەڵام کەس نییە بۆی بەرێ. برا گیان! تۆ ئەم کارەم بۆ بکە! لەگەڵ دەستی خۆت ئەم قەفەزە قانارییەشی بۆ بەرە، بەڵام وریابە دەرگاکەی نەشکێ... بۆچی وا سوور هەڵگەڕاوی؟
تۆلکاخۆڤ: چەرخی خەیاتی... قەفەزی قەناری... بولبول...
موراشکین: ئیڤان ئیڤانۆڤیچ! ئەوە چییە؟ حاڵت تێکچووە؟ بۆچی سوورهەڵگەڕاوی؟
تۆلکاخۆڤ «لەقە لە زەوی دەدا»: چەرخە خەیاتییەکەم بدەرێ! قەفەزە قەنارییەکە لە کوێیە؟ باشە، ئێستا خۆشت وەرە لەسەر ئەوانە سوار بە... بمخۆ! لەتوپەتم کە! بمکوژە! «مستی ڕادەوەشێنێ» من خوێنم دەوێ، خوێن!
موراشکین: ئەوە شێت بووی؟
تۆلکاخۆڤ «لەقە لە زەوی دەدا»: من خوێنم دەوێ. خوێن!
موراشکین: «بە ترس و پەشێوییەوە»: ئەوە شێت بووی؟ «هاوار دەکا» پیتەر! مارییا! لە کوێن؟ فریام کەون!
تۆلکاخۆڤ «بە دەوری هۆدەکەدا ڕاوی دەنێ»:
من خوێنم دەوێ... خوێن!
«پەردە دادەدرێتەوە»