گەوجخەڵەتێنە

از کتاب:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
اثر:
حسن قزلجی (1914-1985)
 5 دقیقه  1020 مشاهده

لە ناو لادێیەکانی خۆماندا بۆ ئەوەی ناوی جنۆکە و شتی وا نابەن، دەڵێن «ئەوان». ئێمەیش ناو نابەین و دەڵێین لە وڵاتێکی سەرمایەداریدا بیریان کردووە و گوتیان با ئێمەش خۆمان بارە و دیموکرات هەڵخەین، ڕۆژنامەیەک بڵاو بکەینەوە و پڕی کەین لە فڕوفیشاڵ و قسەی قەڵەو. ئەگەر خەڵکی وڵاتی پێ هەڵخڵەتا، ئەو باشتر؛ ئەگەر ئەوەش نەبوو، خۆ لە هەندەران هێندێ ناشارەزا دەخڵەتێنێ.

ڕۆژنامەکە کە خۆیان دەریان دەکرد و پڕوپاگەندەی بۆ چینی فەرمانڕەوا و کۆنەپەرستی و ئیمریالیزم دەکرد، لەسەر پارە و شتی وا پەکی نەدەکەوت و هەموو شتێک بە پێی فێڵان بوو. بۆ نووسەریش دانەدەما، کرێگرتەی وا زۆر بوو. لە هەر لایەکەوە با بێ، لەوێوە شەن دەکەن.

لیژنەیەکیان دانا ئەم کارانە ڕێک بخا. لە پێشدا قسە لە ناوی ڕۆژنامەکە کرا. یەکێ لە ئەندامەکانی لیژنەکە کابرایەکی ساویلکە بوو. ئاگای لە هیچ نەبوو. گوتی: با ناوی بنێین «ئازادی»!

سەرۆکی لیژنەکە کە ئەفسەرێکی پایەبەرزی پۆلیس بوو. بەرگی خۆی گۆڕیبوو. ئیشارەتی کرد کابرایان بانگ کردە دەرەوە. ئێستا و ئێستاش نەهاتەوە. خۆیانگوتەنی بردوویانە «گەوجخانە»!

ئەوانی دیکە بێدەنگ بوون. کەس نەیوێرا ورتەی لە دەم دەربێ. دوای تاوێک سەرۆکی لیژنەکە گوتی ناوی دەنێین «گەوجخڵەتێنە»! تێکڕا گوتیان زۆر جوانە، زۆر باشە! لە ڕاستیدا زۆریش باش بوو. چونکە غەیری خۆیان و هی وەک خۆیان کەسی دیکەی نەخەڵەتاند. چەپڵەڕێزانێکیان بۆ کرد و مەسەلەی ناو تەواو بوو.

پاشان سەرۆکی لیژنەکە گوتی: هێندێ وشەی ناڕەسەن هەیە بە هیچ چەشنێ نابێ ڕێگەیان بکەوێتە ناو ئەو ڕۆژنامەیە، مەگەر بە چەشنی سەلبی. ئەندامەکانی لیژنە تێکڕا گوتیان ڕاستە. یەکێکیان گوتی: با ئەو وشانە دیاری کەین، نەکوو هەڵەیەک ڕوو بدا. سەرۆکی لیژنەکە گوتی: قامووسم بۆ بێنن! قامووسیان بۆ هێنا، دەستی دا قەڵەمێکی سوور کەوتە وێزەی وشەکان: «دیموکراسی، ئازادی، کۆبوونەوە، ئازادیی زمان، ئازادیی چاپەمەنی، ماف، مافی نەتەوەویی، مافی ئینسانی، مافی کارگەر و وەرزێڕ، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، کۆمۆنیزم، سۆسیالیست، ماتریالیزم» و هەزاران وشەی دیکەی لەم چەشنە. هەر یەکە قەڵەمێکی سووری پێدا هێنا، هەموویانی کردەوە ناو قامووسەکە و دەرگای لێ داخستن.

«گەوجخڵەتێنە» دەستی کرد بە بڵاوبوونەوە. ماوەیەکی پێ چوو نووسەرێکی نازەیان بە کرێ گرتیبوو. ئەم کابرایە ڕۆژێک تووشی وشەی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی هات ئەوەندەی بیر کردەوە نەیزانی چۆنی بخنکێنێ. ئاخرەکەی دەڵێن - زد «بە» زد - دەر دەکەوێ با بڕوانمە قامووسەکە. بەشکم زدی خۆی لە بەرامبەریدا نووسرابێ. پاشان وەکوو خۆی دایدەخەمەوە.

کە قامووسەکەی کردەوە وەکوو سەدێک بشکێ و بەری دەریاچەیەک بەڕەڵا بێ، لافاوی وشەی ڕەسەن و ڕەوا هاژەی کرد و کابرای وەژێر دا. ڕووی کردە داڵانەکە ئەوەی بە ژێرەوە بوو. بە ژێرەوە بوو. ئەوانی دیکە وشەی ڕەسەن وەکوو ژەنگەسوورە دەیدا بە بناگوێیانەوە. هەر یەکەی بە لایەکدا ڕایان دەکرد. لافاوەکە ڕووی کردە هۆدەی ڕۆژنامەکە. کابرا دەسبەجێ تەلەفوونی کرد بۆ پۆلیس «ئەی هاوار! فریا کەون!»

پۆلیس بە تێڵا و ترومبیلی ئاوپڕژێنەوە هاتن. نەخێر فایدەی نەبوو و وشەکان وەبەر تێڵا نەدەکەوتن. وە تا ئاویان لێ پڕژاندن جوانتر دەگەشانەوە. ئاوی ترومبیلەکانیان ڕشت. پڕیان کرد لە قیر و دەستیان کرد بە قیرپڕژاندن. لەم بگرە و بەردەیەدا ڕووی ڕۆژنامەکە بە سەرۆک و بنۆکەوە ڕەش بوو. وشەکانیش ئەوەندەی شەهید بوون. ئەوانە شەهید بوون، ئەوانی دیکەیان گرتەوە و کردیاننەوە ناو قامووسەکە و دەرگایان لەسەر داخستنەوە.

نەختێ پشوویان هاتەوە بەر خۆیان. گوتیان ئەگەر ئەمڕۆ ڕۆژنامەکە دەرنەکەوێ خەڵک وا خەیاڵ دەکەن نووسەرەکان و کارگەرەکان مانیان گرتووە. ڕیسەکەمان دەبێتەوە بە خوری. ئەوەی کە زۆر ڕەش بووبۆوە سووتاندیانن. ئەوەش کە کەمتر ڕەش بووبۆوە، ناردیانە فرۆشتن. کابرای سەرۆکی ڕۆژنامەکە کە لە شەڕی وشەی ڕەوادا ماندوو بووبوو، دەچووە ماڵەوە. لە ڕێگا پیاوێکی ڕەنگ کارگەر و لەسەرەخۆی دی. دانەیەکی ڕۆژنامەی کڕیوە و بە وردی سەرنجی دەدا. زۆری پێ خۆش بوو. لای وا بوو ئەوەندە حەز بە ڕۆژنامەکە دەکا بە لاڕەشیش کریویەتی. گوتی:

- خاڵۆ! ئەوە چی سەرنجی ڕاکێشاوی:

کابرای ڕەنگ کارگەر:

- خاڵی! چی سەرنجم ڕاکێشێ! ئەمە گۆڕستانی وشە ڕەواکانە! دە بەم نوێژی مردوویان لەسەر دەکەم.

ڕۆژی دوایی ڕۆژنامەکە پاک و خاوێن دەرچوو. هیچ پەڵەی ڕەشی پێوە نەبوو. شوێنەواری وشەی ڕەواشی لێ دیار نەبوو. کابرای سەرۆکی ڕۆژنامەکە کە ڕۆیشتەوە ماڵەوە، دیسان کابرای دوێنێی دی دانەیەکی کڕیوە لێی ورد دەبێتەوە.

گوتی:

- خاڵۆ! ئەمڕۆ لە چی ورد دەبییەوە؟

- کەسی خاڵی لەوە ورد دەبمەو ئەو وشە حەرامزادانە توتکی کام دێڵە مشکن.

کابرای سەرۆکی ڕۆژنامەکە مووچڕکێکی بە لەشیدا هات و لێی دا ڕۆیشت. لە بەر خۆیەوە و ورتەورتی بوو: نەخێر، فایدەی نییە. چاویان کراوەتەوە. هەڵناخڵەتێن.