بەهارە بلبل بلبل بەهارە
سکاڵا لەگەڵ بلبلدا بە دڵێکی بڕ لە سەوداوە
از کتاب:
دیوانی ئەخۆل
اثر:
اخول (1911-1988)
2 دقیقه
2489 مشاهده
بەهارە بلبل، بلبل بەهارە
سەرەتای ناڵەی سەودایی زارە
وەرە بناڵین بەجووت لە شەودا
ئێمە شەو بێدار بێ خەم لە خەودا
وا بەری بەیان سفیدەی نواند
تەم و تاریکی لە گوڵشەن ڕەواند
دەشت و کێو هەمووی بە گوڵ خەمڵیوە
بەرگی بووکێنی تازەی پۆشیوە
هەوری بەهاری لە گەرد و خولدا
چیمەن گەردانەی شەونم لە ملدا
لاگیرەی زێڕە قەتارەی گوڵزار
هەیاسەی پشتە زنجیرەی ڕوبار
بەڕەزا پرچی پەخشان کردوە
شنەی بای شەماڵ شانەی کردووە
نێرگس بە پەنجەی یادی لێلاخان
ڕووپۆشی لادا سەرمەست و خەندان
پەڕەندەش لەسەر لقی درەختان
هەریەک ئاوازێ ئەڵین بۆ بەیان
پۆڕ بە گەناسە و قومری بە ئاواز
بوون بە دوو یاری هاودەم و ئاواز
کەو بە قاسپەقاسپ کۆتر بە هاق هاق
لە دڵ دەرئەکەن مەینەت و فیراق
جریوەی چۆلەکە و شەقەی باڵی مەل
وەک مۆسیقایە لەم کەل بۆ ئەو کەل
قوقەی کەڵەشێر دەنگی بانگدەران
لە ئەرز تێپەڕین گەیین بە ئاسمان
ئاسمانیش ئەوا چاو ئەکاتەوە
دنیای پڕ لە تەم ڕوون ئەکاتەوە
وەرە من و تۆیش هاوڕاز و هاودڵ
من شێتی پەرچەم تۆ شێتی ڕووی گوڵ
تۆ بڕۆ سەرچڵ من لە پای کۆهسار
خوڕخوڕ بڕێژین فرمێسکی خونبار
تێروپڕ بگرین یەکدەنگ و ئاواز
تا وا خول ئەدا گەردوونی کەچ باز
هەتا پاڵ ئەدەین بەلای مەرگەوە
بەشوێن زامانی دڵ و جەرگەوە
تاکوو ئەچینە باوەش دایکی خاک
بە ئاهی سەرد و بە دڵی خەمناک
بپاڕێینەوە لای تاکە خوامان
بەڵکوو بێتەبەر گوڵی هیوامان