بە خەنجەر لەتلەتم کەن دامەنت قەت بەرنەدەم شەرتە

پەیمان
از کتاب:
دیوانی ئەخۆل
اثر:
اخول (1911-1988)
 1 دقیقه  822 مشاهده
بە خەنجەر لەتلەتم کەن دامەنت قەت بەرنەدەم شەرتە
سەراسەر هەڵدڕن سینەم، بەرۆکت بەرنەدەم شەرتە
هەتا گیانم لە گیانا بێ ئەبێ پەروانەیی تۆ بێ
کە تۆی شەمعی ژیانی من لە تۆ لا نەدەم شەرتە
جەهەنەم جەننەتە بۆ من ئەگەر بێ چاوی تۆ دیار بێ
بەبێ تۆش دەم لە ئاوی جۆگەیی کەوسەر نەدەم شەرتە
ئەگەر بێت و هەموو دنیا هەتاکوو ئەوپەڕی ئاسمان
هەمووی پڕ بێ، پەری و حوور بێ لە تۆ دەس بەرنەدەم شەرتە
قەبووڵم کەی بە خادیم، یا بە دەربان و بە کۆیلەی خۆت
لەبەر ئەو قاپەت بوونم بە تامی سەر نەدەم شەرتە
ئەگەر یەک گۆشەیی چاوت لە من بێ جانی جانانم!
بە تیشکی حوسن مەهـ و ڕۆژ و بەسەر ئەختەر نەدەم شەرتە
هەتا ماوم لە دنیادا تەماشا و بۆنی گوڵ ناکەم
غوبار گەردی بەرپێکەت بە بۆی عەنبەر نەدەم شەرتە
ئەگەر شایەد لە پاش مردن مەلائک هات و پرسیی لێم
لە باسی چاوی تۆ زیاتر جەوابێ تر نەدەم شەرتە