ڕێوی و مریشک

از کتاب:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
اثر:
حسن قزلجی (1914-1985)
 3 دقیقه  1040 مشاهده

مریشکە قوڵە چوار پێنج جووچکی هەبوو. جووچکەکان گەورە و کەچەڵە بووبوون. لەسەر دارێک لە نزیک شیناوەردی خاوەنەکەیانەوە هەڵنیشتبوون.

مام هۆمەری خاوەنیان هێشتا شەوی مابوو توڵەقەندی برد و چوو بۆ ڕاو. تازە مام هۆمەر لە کەندەڵانەکەی نزیک شیناوەردەکە چووبووە خوارەوە. مام ڕێوی لەولاوە پەیدا بوو، گوتی:

- بەیانیت باش مریشکە قوڵە!

مریشکە قوڵە وەڵامی دایەوە:

- بەیانیت باش مام ڕێوی! بەم بەرەبەیانە خێرە وا بۆ ئەم لایە هاتووی؟

ڕێوی گوتی:

- خێراندار بی مریشکە قوڵە! بەیانییە، فێنک و خۆشە. هاتم سەری دۆست و ئاشنایان بدەم. وەرە خوارەوە با نەختێ هەڵپەڕین و خەم لە دڵی خۆمان دەرکەین.

مریشکە قوڵە ڕوانییە لای کەندەڵانەکە. مام هۆمەر لە هیچ کوێ دیار نەبوو. گوتی:

- هەروا بە وشکی نابێ!

ڕێوی گوتی:

- من گۆرانی دەڵێم. چش با دەهۆڵ و زۆڕنا و شمشاڵ نەبێ، قەی ناکا. بە گۆرانی هەڵدەپەڕین.

مریشکە قوڵە گوتی:

- باشە تۆ دەس پێ بکە تا من وردەوردە خۆم ئامادە دەکەم.

ڕێوی دەستی کرد بە گۆرانیوتن:

- دە خۆمە خۆمە خۆمە، دایک و جووچکان دەخۆمە، دنیا بە کەیفی خۆمە.

مریشکە قوڵە گوتی:

- کە واتە با منیش لێرەوە بۆت بستێنمەوە: مام هۆمەری بن کەندی. وەرە سەیری گۆبەندی، بە خۆت و بە توڵەقەندی، کەوڵی مام ڕێوی بە چەندی؟

ڕێوی گوتی:

- وا مەڵێ هەڵپەڕکێکە تێک دەچێ.

مریشکە قوڵە گوتی دەی جا تۆیش وا مەڵێ با هەڵپەڕکێکە تێک نەچێ.

ڕێوی گوتی:

- ئەمە گۆرانیی ڕێوییانە. من هەر گۆرانیی وا دەزانم. مەبەستم هیچی دیکە نییە.

مریشکە قوڵە گوتی:

- ئەمەی منیش گۆرانیی مریشکانە. منیش هەر گۆرانیی وا دەزانم.

ڕێوی دیتی دنیا خەریکی ڕووناکبوونەوەیە و بۆ ئەو درەنگ دەبێ، گوتی:

- باشە با هەر کامێکمان گۆرانیی بۆ خۆی بڵێ. خێرا کە وەرە خوارەوە ئەوا بەندێکی دیکەشت بۆ دەڵێم. مریشکە قوڵەی پانکێ، کەوتە دیزەی خوانکێ، نەماوە ئێسقانکێ.

مریشکە قوڵە بۆی سەندەوە:

- مام هۆمەری بن کەندی، وەرە سەیری گۆبەندی، بە خۆت و بە توڵەقەندی، کەوڵی مام ڕێویت بە چەندی؟

مام هۆمەر گوێی لێ بوو. لە کەندەڵانەکە هاتە سەرەوە. لە دوورەوە ڕێوییەکەی دی و توڵەقەندی تێ بەر دا. ها بیگرە، ها دەری نەکەی! ئافەرەم توڵەقەندی.

ڕێوی چوار قاچی بوو، چواری تریشی قەرز کرد و تێی تەقاند. مریشکە قوڵە بانگی کرد:

- مام ڕێوی بێقەزا بی! ئەوە بۆ کوێ دەچی؟ دە وەرە هەڵپەڕکێکەمان تەواو بکەین.

مام ڕێوی لە دوورەوە بە دەم ڕاکردنەوە وەڵامی دایەوە:

- قسەی تۆیە! هەڵپەڕکێ بێ شمشاڵ نابێ. دەچم شمشاڵژەن بانگ دەکەم.