پشیلە و کەروێشک

از کتاب:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
اثر:
حسن قزلجی (1914-1985)
 1 دقیقه  957 مشاهده

پیاوێکی وەرزێڕ لە دووری ئاوایی شیناوەردی کردبوو. بۆی نەدەلوا هەموو ڕۆژێ لەگەڵ ژنەکەی بچێتە کار و منداڵەکانیان لە ماڵەوە بەجێ بهێڵن. ناچار کۆخێکی دروست کرد و بە خاووخێزانەوە چووە سەر شیناوەردەکە. پشیلەیەکیان هەبوو ئەویشی برد. بە ڕۆژ پیاوەکە و ژنەکە خەریکی کار دەبوون. منداڵەکان یارییان دەکرد. پشیلەکەش بەو ناوەدا دەخولاوە. بە شەویش دەحەسانەوە و دەخەوتن. ڕۆژێکیان پشیلەکە لە شیناوەردەکە دوور کەوتەوە. لە شیوێک تەماشای کرد ئەوا کەروێشکێک لە کونەکەی خۆیدا پاڵ کەوتووە. پشیلەکە چووە بەر دەرکی کونەکە. وەستا و گوتی: «م...ی...ا...و» کەروێشکەکە ناڵاندی، سەری کردەوە سەر زەوی و گوتی: «ئاخ نەگبەتی! بە خەڵکی سەگ دەوەڕی، من بە پشیلەیەکی ناتەواو.»