قەلەڕەشە و بەچکەکانی

از کتاب:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
اثر:
حسن قزلجی (1914-1985)
 1 دقیقه  1070 مشاهده

قەلەڕەشەیەک چەند بەچکەی هەڵێنا. هەموو ڕۆژێ دەچوو خواردەمەنی بۆ دەهێنان و دەیکرد بە دەمیانەوە. بەچکەکانی وردەوردە گەورە بوون و کەوتنە باڵەفڕە. ئەمجار لەگەڵ خۆی دەیبردن شارەزای دەشت و دەریان بکا و ڕێ و شوێنی پەیداکردنی خواردەمەنییان نیشان بدا. ڕۆژێک بە دەم گەڕانەوە، قەلەکە لە دوورەوە پیاوێکی دی. بە بەچکەکانی گوت:

- ئاهۆوەتان دیوە؟

گوتیان:

- بەڵێ دیومانە. ئەوە چییە؟

گوتی:

- ئەوە ئینسانە. ئەوانە دەیانەوێ بمانکوژن. وریای خۆتان بن.

- بۆچی دەیانەوێ بمانکوژن؟

- چونکە کەشک و پەنیر و شتی وایان لێ دەڕفێنین.

- جا چۆن وریای خۆمان بین؟

- هەر کاتێ دانەوینەوە بۆ بەرد دەسبەجێ هەڵفڕن.

- ئەی ئەگەر دانەنەونەوە و بەردەکە لە گیرفانیاندا بێ؟

قەلەڕەشەکە لە خۆشییاندا پێ کەنی و گوتی:

- ئافەرین ڕۆڵەکانم! ئیتر پێویست بە ئامۆژگاریی من ناکا. خۆتان دەتوانن بژین.