شەوقی ڕۆخی یار

از کتاب:
دیوانی ئەمین ئوشنوویی
اثر:
امین اشنویی (1889-1954)
 1 دقیقه  1158 مشاهده
ئەی مانگی چاردە مەیە دەر یارم دیارە
تۆ چاردەهی، یارم هەموو شەو، هەر دە و چارە
سەر شازدەهەمێ شەوقی تۆ شەوشەو لە کەمی دا
یاری مە لە پاش شازدەهەمێش حوسنی دیارە
قەوسی قەزەحم دیت و هەناسەم لە دڵی هات
پێم وابوو کە ئەو قەوس و قەزەح ئەبروویی یارە
ئەی غونچە وەرە غونچە دەهانی مە ببینە
ئەو وەختێ لە حەسرەت گریبانت بکە پارە
ئاهوویی خوتەن کوانێ دەڵێن چاوی جوانە؟
یاری منە وا چاوێ ڕەش و مەست و خومارە
تاووسی بەهارە بە پەڕ و باڵی دەنازێ
نازانێ کە یاری مە عەجەب پڕ لە نیگارە
ئاوێنە دەبا خۆی دە ڕوخی یارم ببینێ
مەعلووم دەبێ ئەو وەختە کە کێهانە بە کارە
ئەی بولبول ئەتۆ عاشقی ڕوویی گوڵی سووری
من عاشقی ڕوویی گوڵێکم لالە عوزارە
زولفەینی سیەهـ تاب دەدا لە مل و لە شانی
ئاوێزە لە سەر سینە دەکا و ڕیشە هەنارە
بیماری غەمی عیشقم و نازانی تەبیبا!
دەرمانی «ئەمینتخلص» ماچی دوو لەعلی لەبی یارە