فرمێسکی ناو لۆچی ئاڵا

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 1 دقیقه  790 مشاهده
کیژۆڵەکەی شارستانی
منی لادێ ی کوردستانی
خەناوکەکەی.. ناخی زەوی
دەئاڵێنمە..
ملی کارگەی قەندی شارت
تا پێ بگا.. تا بڕسکی ڕەنجی پارت
***
کیژۆڵەکەی شارستانی
منی لادێی کوردستانی
تا تەمەنی هەشت نۆ ساڵی
لە گوندێ بووم..
بە کلیلی دەرگەی خۆرم نەدەزانی
ڕێبوارێکی ماندووی ڕێ بووم
هەموو ساڵێ...
ڕەنجی باوکم هی باپیرم
دەپێورا بە ڕبەی ڕەنج خۆر
جەواڵی خەم.. بار دەکرا لە گیانی پڕسوێ
بۆ بارەگای چەوسانەوە، دەبرا بەزۆر
بۆ ئەو جێیەی.. تا ئەمڕۆکەش
مافی تووڕە، لەوێ دەدوێ!
جا گیانەکەم، لێم ببوورە
لەو نەریتە نایلۆنییەی
گیانی ئەو مردووە برسییەی
لەمنت دەوێ
ئەو ژیانە.. لەمن دوورە
***
کیژۆڵەکەی شارستانی
دەستگیرانی.. منی لادێی کوردستانی
تۆ واز بێنە لە ژیانی بورجوازیت
لەبیرت چوو خۆشەویستم؟
لەبیرت چوو، وشەی ناخی هەژار خوازیت؟
دە واز بێنە
لەئاڵۆزی ی بیری دوێنێ
لەو گۆرانییەی..
هەستی زیندووم دەگریێنێ؟
دە واز بێنە.. لە ئەندێشەی کۆشک و تەلار
لە نازی نێو.. جانتای دینار
دە واز بێنە.. دە واز بێنە