هەردوو هەژارین

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 2 دقیقه  782 مشاهده
«ڕاستی» ئەم ووشە پڕ مەبەست و پاکەیە زۆربەی خەڵکیش پەلاری کوێرانەی تێئەگرن و پشتیان تێکردووە دوای کڵاوی بابردوو کەوتوون هەر وەکوو لەم هەڵبەستە (چیرۆکی)یەی (جەمیل زهاوی)یەوە دەری خستووە منیش بە دەستکارییەوە وەرم گێڕاوە بۆ زمانی کوردی..
ڕۆژێ بەتەنیا، پەست ئەڕۆیشتم
بەپیرێکی پشت کۆماو گەیشتم
لە چەقی ڕێگا ئەڕۆیشت لەسەرخۆ
سیپاڵ شرۆڵ و بێدەنگ، گفتوگۆ
جل پینە پینەی قڵیشای خاوێن
بێدەنگ کزو مات دیار بوو پاک داوێن
لۆچ لۆچ کەوتبووە نێو دەموچاوی
تەکانی ئەدا بەپەشۆکاوی...!
خەڵک لەدوایا بە چەپڵەی دەستان
جوێنیان پێ ئەدا، ئەو بێ وەڵام دان
دەمێک ئەبزووت، یا پشووی ئەدا
خەڵکیش زیاتر (چەنە)ی لێ ئەدا!!
چوومە پێشەوە، لێم کردن پرسیار:-
ئەوە کێیە وا مل کەچ وهەژار؟!
لە وەڵام وتیان ئەو ە (راستی) یە
توانجی (ناڕاستی) ڕووی تێ کردیە
نزیک بوومەوە، پێی بدەم یارمەتی
تا دەری بێنم، لەژێر هەڵمەتی
ئەو خەڵکە زۆرەی نەزان و زۆردار
منیش فرمێسکم بەگوڕ هاتە خوار
دەستم گرت پێم وت: هەردوو هەژارین
منیش وەکوو تۆ، وا لە ئازارین
جا ڕۆژێ دادێ «گەواهی» بێنن
بڵێن هەر ئێوەن پەیام گەیێنن