ماڵ ئاوایی

پێشکەش بە کاک (بارام شوانی) بێت، کە نیمچە ژیانێکی بەمجۆرە ڕابوارد...
از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 2 دقیقه  883 مشاهده
چەند ساڵە شەیدای بەژن و باڵاتم
بەختیاری ژیان ببوە ئاواتم
گوایە تۆم هەیە زۆر شادومانم!
سەرچاوەی سۆزی تەلی کەمانم
خەزانی ڕۆژگار هەڵیوەراندی
لە دڵداریدا چاکی بەزاندی!
ئەو هەڵبژاردەی پەسەندی ئەکەی
کڵۆی ئاگرە، دەستی بۆ نەبەی
چونکە ئەو دڵەت بۆ من ڕسکاوە
بێ خۆشەویستیت خوێنم وەستاوە
ژینی بەختیاریت نەدەی بە پارە
دڵی دڵداریت هێشتا زامدارە
ئەگەر چی ئێستا کەوتیە منجە منج!
بۆ شوو ناخوێنی، ڕێک و پێکی قنج
تو خوا گۆڕاوی! باوەڕیش ناکەم
یا باوکت ئەڵێ (کیسە پڕ ئەکەم)
ئەتۆ ئەفرۆشێ بە (ماڵی دنیا)
بۆ دۆزەخ بچێ، ئاگر بە بنیا!
من دەربەست نیمە بۆ تۆ زیانە
پەنجە ئەگەزێ، ئەڵێی ژیان ژانە!
ناشیرینیم چی، یا خۆ هەژارم؟
ئەم فێڵەشت چوو بڵێ بێزارم..
دڵداری ناکەم، دڵداری پووڵم!
نایێمە داخواز هەڵماڵم قۆڵم
چۆن ئابڕووت هەیە بۆ یەکێ تر بی
(بە کاڵی بتخۆم، گەییووت سوور بی)
تاکەی بەنامە غەمم ئەدەیتێ؟
کۆتایی بێنە باکات نەفەوتێ!
ساڵێ خوێندم لەسەر تۆ دانا..
چیم لێت چاو نەبوو تا هەمبوو توانا
ئەم (وانە خۆشە و وتە شیرینە)
تێ بگە شەڕی خەنجەر و خوێنە!
گیانم بۆ چییە پاشی نەمانت؟
تا بە تاوانێ نەبمە (قوربانت)!
بۆچی کەم هەستی ئیتر چۆن نەمرم؟
ژینم بەبا چوو، چاو پڕ لە ئەسرم